سەردێڕ:

٥٠٠ رۆژ بەسەر دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیادا تێپەڕی

PM:09:58:08/07/2023

2668 جار خوێندراوەتەوە

دوای ٥٠٠ رۆژ لە هێرشەکانی روسیا تا ئێستاش ئۆکرانیا بەردەوامە لە بەرگریکردن لە خاکەکەی و ئەمریکاش بە بۆمبی قەدەغەکراو ئۆکرانیا پڕچەک دەکات.


ڤلۆدیمێر زیلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە ڕۆژی ٥٠٠ـەمینی جەنگەکەدا سەردانی دوورگەی مارەکانی کرد لە دەریای ڕەش، کە بە سیمبولی بەرگری سوپای ئۆکرانیا دژی هێرشەکانی روسیا دادەنرێت چونکە لە دەستپێکی هێرشەکانی روسیادا، سەربازە ئۆکرانییەکان کەشتییەکی جەنگیی روسیایان لە نزیک دورگەکە تێکشکاند.

لەلایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە زیاتر لە نۆ هەزار کەسی مەدەنی کە ٥٠٠ کەسیان منداڵ بوون، گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٥ هەزار مەدەنی دیکەش برینداربوون، شەش ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون، زیاتر لە ١٤٣ ملیار دۆلار زیان بەر ئابووری ئۆکرانیا کەوتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامارێکی روون نییە کە دەری بخات چەند سەرباز لە هەردوولا کوژراون.

هەرچەندە، ئۆکرانیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات لە سەرەتای جه‌نگەوە‌ تا ئێستا، زیاتر لە ٢٣٣ هەزار سەربازی روسی کوژراون بەڵام ئەو ژمارەیە لەلایەن روسیاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە .

لە بەرامبەریشدا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە بۆمبی هێشووی قەدەغەکراو رادەستی سوپای ئۆکرانیا بکات، ئەمەش ناڕەزایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە، بەڵام بایدان رایگەیاند، سورە لەسەر بڕیارەکەی و لە ماوەیەکی نزیکدا بۆمبە هێشووییەکان دەنێرێت بۆ سوپای ئۆکرانیا، بەوپێیەی ئەمریکا و روسیا و ئۆکرانیا بەشدارنەبوون لە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی ئەو بۆمبانەدا.

هاوکات، سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش ئاماژەی بەوەکردووە، پڕچەک کردنی ئۆکرانیا بە بۆمبی هێشووی، لاوازی سوپای ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی دەردەخات.

لە ئێستادا سەرنجەکان لەسەر جەنگی ئۆکرانیان، لەلایەک سوپای ئەو وڵاتە دەستیکردووە بە هێرشە پێچەوانەکانی دژی سوپای روسیا، لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا چەکی قەدەغەکراو دەداتە سوپای ئۆکرانیا، ئاخۆ ئۆکرانیا دەتوانێت پاش زیاتر لە هەژدە مانگ، ناوچە داگیرکراوەکانی لەژێر دەستی ڕووسیادا ئازاد بکاتەوە؟ یاخوود ڕووسیا بەو ئاسانییە کۆتایی بە جەنگەکە ناهێنێت و زیاتر درێژە دەکێشێت.

لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ـدا روسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، بەوهیوایەی لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی وڵاتەکە کۆنترۆڵبکات، بەڵام ئێستا ئۆکرانیا دەستی بە هێرشی پێچەوانە کردووە.













گەلەری