سەردێڕ:

سەرۆکی گرووپى ڤاگنەر نهێنى جوڵەکردنی هێزەکەى بەرەوە مۆسکۆ راگەیاند

یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکی هێزی چەکداری ڤاگنەر
PM:10:04:26/06/2023

2524 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هێزی چەکداری ڤاگنەر رایگەیاند، بەهۆی هێرشی موشەکی رووسیا و بڕیاری مۆسکۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤاگنەر جوڵەیان بەرەو مۆسکۆ کردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکی هێزی چەکداری ڤاگنەر رایگەیاند، مۆسکۆ بڕیاری دابوو لە رۆژی ١ی تەمووز هێزی چەکداری ڤاگنەر هەڵوەشێنێتەوە و لە سەنگەرەکانیش موشەک بارانی هێزەکەی کراوە لەلایەن سوپای رووسیاوە و ئەوەش وایکردووە بڕیاری جوڵەکردن بەرەوە مۆسکۆ بدات.

پریگۆژین وتیشی، هێزەکەی رووبەڕووی نادادپەروەری بووەتەوە و ئامانجیان لە جوڵەکەیان روخاندنی دەسەڵاتی سیاسی نەبووە لە رووسیا، بەڵکو ویستوویانە سەرنجی رووسیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکە رابکێشن.

ئەوەشی خستەڕوو، جوڵەکانیان دەریخستووە روسیا کێشەی ئەمنی هەیە و لەبارەی خستنەخوارەوەی هەلیکۆپەرێکی رووسیاوە سەرۆکی ڤاگنەر پەشیمانی دەربڕیو دەڵێت، "ناچاربووین ئەو کارە بکەین".

ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٤ی حوزەیران سەرۆکی گرووپی چەکداری ڤاگنەر یاخی بوونیان لە روسیا راگەیاند و هەرێمی روستۆڤیان لە روسیا داگیرکرد ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی هێزەکە روسیا بە بۆمباران کردنی هێزەکەی و کوشتنی سەربازەکانی تۆمەتبارکرد.

ئەوکات، یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکی هێزی چەکداری ڤاگنەر رایگەیاند، دەیانەوێت گەلی رووسیا رزگار بکەن و سەرۆکێکی نوێ بۆ رووسیا دابنێن.

کێشەکانی نێوان رووسیا و ڤاگنەر، پێشوتر و لە ٦ی حوزەیرانەوە سەری هەڵدا و دواتر رووسیا دۆسیەی تایبەتی بە یاخی بوونی ڤاگنەر کردەوە.

هێزی نافەرمی ڤاگنەر، لە بەرژەوەندی رووسیا شەڕ دەکەن و لەو کەسانە پێکدێن، کە لە زیندانەکانى رووسیا دەست بەسەر بوون، بەڵام بە فەرمانى حکومەتى ئەو وڵاتە، هەر زیندانییەک بۆ وڵاتەکەى شەڕ بکات، ئەوا بڕیارى ئازاد بوونى بۆ دەردەکرێت، هاوکات لەلایەن وەزارەتی بەرگری رووسیاوە نیوەی پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت.

یەڤگینی پریگۆژین لە یەکی حوزەیرانى ١٩٦١ لە سانت پترس بۆرگ لە دایک و باوکێکی رووسی یەهودی لە دایک بووە و ساڵی ١٩٧٩ بە تۆمەتی دزیکردن و چەند تاوانێکی تر لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سزای زیندانی کردنیان بۆ دەرکرا، ساڵی ١٩٩٠ دوای ئازادکردنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە خواردنی خێرا دروستدەکات کە لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر رێککەوتن لەگەڵ خوێندنگە و ناوەندە گەورەکانی رووسیا ئەنجامدا بۆ دابینکردنی خواردن لەوەشدا قازانجێکی زۆری بەدەستهێنا، بە جۆرێک ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ سوپای رووسیا رێککەوتنێکی ئەنجامدا بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ ماوەی ساڵێک بە بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

ڤاگنەر گرووپێکی چەکدارای رووسیە، ساڵی ٢٠١٤ بەشداری شەڕی ناوخۆی سوریا یان کردووە، بەشێک لە ئەندامەکانی ڤاگنەر تاوانباری زیندان و مافیاکانن، ئێستا ڤاگنەر لەلایەن یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکایەتی دەکرێت و لە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا رۆڵێکی سەرەکیان بینی و چەندین شاری سەرەکیان لە ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵکرد.

لە شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا، جەنگى لە بەرامبەر ئۆکرانیا راگەیاند و دوای ساڵێک لە جەنگ لە ناوچەی باخموت کە بە خوێناویترین ناوچەی شەڕ دادەنرێت هێزی نافەرمی ڤاگنەر کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەکەی راگەیاند.













گەلەری