سەردێڕ:

فەرماندەکەی ڤاگنەر؛ لە زیندانەوە بۆ سەرۆکی گەورەترین هێزی چەکداری رووسیا

PM:01:30:24/06/2023

5848 جار خوێندراوەتەوە

دوای یاخی بوونی گرووپی ڤاگنەر لە رووسیا و راگەیاندنی شەڕ لە دژی پوتین، یەڤگینی پریگۆژین دامەزرێنەری گرووپى ڤاگنەر رایگەیاند، هەوڵی رزگارکردنی رووسیا دەدەن.


دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر کێیە؟ یەڤگینی پریگۆژین لە یەکی حوزەیرانى ١٩٦١ لە سانت پترس بۆرگ لە دایک و باوکێکی رووسی یەهودی لە دایک بووە، ساڵێ ١٩٧٧ پەیمانگای وەرزشی تەواوکردوە و ئارەزوویەکی زۆری بۆ یاری هۆکی سەر سەهۆڵ هەبووە.

ساڵی ١٩٧٩ بە تۆمەتی دزیکردن و چەند تاوانێکی تر لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سزای زیندانی کردنیان بۆ دەرکرا، ساڵی ١٩٩٠ دوای ئازادکردنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە خواردنی خێرا دروستدەکات کە لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر رێککەوتن لەگەڵ خوێندنگە و ناوەندە گەورەکانی رووسیا ئەنجامدا بۆ دابینکردنی خواردن لەوەشدا قازانجێکی زۆری بەدەستهێنا، بە جۆرێک ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ سوپای رووسیا رێککەوتنێکی ئەنجامدا بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ ماوەی ساڵێک بە بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

ڤاگنەر گرووپێکی چەکدارای رووسیە، ساڵی ٢٠١٤ بەشداری شەڕی ناوخۆی سوریا یان کردووە، بەشێک لە ئەندامەکانی ڤاگنەر تاوانباری زیندان و مافیاکانن، ئێستا ڤاگنەر لەلایەن یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکایەتی دەکرێت و لە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا رۆڵێکی سەرەکیان بینی و چەندین شاری سەرەکیان لە ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵکرد.

٢١ کانونی دووەمی ٢٠٢٣ جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا، کۆمپانیای سەربازیی تایبەتی روسی کە بە ڤاگنەر ناسراوە و لەلایەن یەڤگینی پریگۆژین بەڕێودەبرێت، وەک "رێکخراوێکی مەترسیداری تاوانکاریی نێودەوڵەتیی" ناساند.

کێربی بانگەشەی ئەوەیکرد، ناکۆکیی لەنێوان وەزارەتی بەرگریی روسیا و ڤاگنەردا هەیە و ڤاگنەر بووەتە گروپێکی تاوانکار لە مەیدانەکەدا.

یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر ساڵی رابردوو دانی بەودانا کە لە هەڵبژاردنەکانى ساڵی ٢٠١٦ى ئەمەریکا، دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و بەردەوامیش دەبێت لەو کارەی، بەمەش بۆ یەکەمین جار ئەوتۆمەتانەی پشتڕاست کردەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە رەتییان دەکاتەوە.

وتیشى " دەستمان وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانەوە، دەستیش وەردەدەین و بەردەوامیش دەبین لە دەستتێوەردان، بە وریایی وردیی و بە شێوازی خۆمان دەست وەردەدەین."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند "کاتێک کە لە شەڕی ئۆکراینادا بوون، روسیا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەریان و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانی کوشتوون "وەزارەتی بەرگری روسیاش تۆمەتەکانی ڤاگنەری رەتکردوە.













گەلەری