سەردێڕ:

دزیى سەدەش لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا رویدا

PM:03:37:13/06/2023

9444 جار خوێندراوەتەوە

هەر لە عێراق دزیى سەدە روینەداوە، ئەوەتا گەورەترین دزیی لە مێژوى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا رویدا، کە بەهۆى دزینى پارەى تەرخان کراوى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، بووەتە هەڵم و دیار نەما.


ئاژانسى ئەسۆشێیتد پرێسى ئەمەریکى، راپۆرتێکى شۆک هێنەرى بۆ ئەمەریکاییەکان و جیهان بڵاوکردەوە، کە کەسانى ساختەکار لە ئەمەریکا، توانیویانە دەستیان بگات بە دزینى بڕى ٢٨٠ ملیار دۆلار، کە تەرخان کرابوو بۆ هاوکاری کردنى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، لەگەڵ ١٢٣ ملیار دۆلارى دیکە، کە بەهەمان شێوە کەسانى ساختەکار بردویانە و دیار نەماوە.

ئاژانسە ئەمەریکییەکە ئەوەشى بڵاوکردوەتەوە، زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دۆلار لە پارەى هاوڵاتییانى ئەمەریکا دیارنەماوە و لەلایەن ساختەکاران و باندەکانى دزی کردن براون، کە لە ١٠%ى کۆى ئەو بڕە هاوکارییەیە کە ئیدارەى کۆشکى سپى بۆ روبەڕوبونەوەى پەتاکە تەرخانی کردبو کە بڕەکەى چوار ترلیۆن و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بوو.

دواى لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتوە، زۆرینەى ئەو پارانە لە رێگەى بەکارهێنانى ژمارەى دڵنیایی کۆمەڵایەتى ئەو کەسانەوە بەکارهێنراوە کە مردون یاخود زیندانی کراون، کە ژمارەیان زۆرە و حکومەت بەهۆى بێکاریانەوە هاوکارى پێشکەش ئەو کەسانە کردووە.

لە کاتێکدا دەزگاکە پێشبینی دەکات ژمارەکە بەرزبێتەوە، لەگەڵ بەردەوام بوونی لێکۆڵینەوەکان لە خراپ بەکارهێنانی بەرنامەکانی خۆش گوزەرانی حکومەت، لە رێگەی هەزاران ساختەکاری ترەوە.

لێکۆڵینزانەکان و شارەزایان دەڵێن، ئیدارەی ئەمەریکا پەلەی کردووە لە خەرج کردنی ئەو چوار ترلیۆن و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارەى هاوکارییەکان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاردانەوەکانی، بۆیە شێوازی وردبینی یان سنوردار کردنی هاوکاریەکان پێویست بوو، بە تایبەتی کە ئەنجامدانى ساختەکارى لە قۆناغەکانى سەرەتاى پەتاکە ئاسانتر بوو.

هەروەها لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە دزی و ساختەکاری لە ئەمەریکا تەنیا بۆ باند و تاوانباران نەبووە، بەڵکو کەسانی دیکەش تێوەگلاون، وەک سەربازێکی ئەمەریکی لە جۆرجیا، قەشەى کەنیسەیەک لە ویلایەتی تێکساس، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی ویلایەتی میزۆری و بەڵێندەرى باڵەخانەیەک لە مۆنتانای ئەمەریکا.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەسۆشێیتد پرێس، دوو هەزار و ٢٣٠ کەس بە تاوانی ساختەکاری پەیوەست بە پەتاکە تۆمەتبار کراون و وەزارەتی دادی ئەمەریکاش هەزاران لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدات.

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری کۆنتڕۆڵ کردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستی پێکرد، زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٣٠ هەزار کەس لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا گیانیان لە دەستداوە.

لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکە پێداچوونەوەی بە وتەى مایکل هۆرۆڤیتز، پشکنەری گشتیی وەزارەتی دادی ئەمەریکا و سەرۆکی لیژنەی فیدراڵی بۆ چاودێری کردنی وەڵامدانەوەکانیان، لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکادا کردوە، کە رەنگە زیاتر لە دوو ساڵ بخایەنێت بۆ بە دەست هێنانی ژمارەی راستەقینەی ساختەکارییەکان.

هەروەها لە راپۆرتەکەدا وتەى لاری تۆرنەر، لێکۆڵەر لە وەزارەتی کار لە ئەمەریکا، لە بەردەم لیژنەیەکی دانیشتنی کۆنگرێسدا خراوەتەڕوو، کە تیایدا رایگەیاندوە، باندەکان دەستیان بەسەر ژمارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی زیندانیانی فیدراڵیدا گرتوە بۆ دزینی ملیارەها دۆلار وەک هاوکاری بۆ زیندانییەکان.

تۆرنەر دەشڵێت، کۆنگرێس هێشتا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند نەکردوە کە پێنج ساڵی دیکە بداتە داواکارانی گشتی بۆ بەدواداچونی ساختەکارانی سیستەمی یارمەتی بێکاری.

مایکل هۆرۆڤیتز، پشکنەری گشتی وەزارەتی دادی ئەمەریکا کە سەرۆکایەتی لیژنەی لێپرسینەوەی فیدراڵی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، بە کۆنگرێسی راگەیاندووە، ساختەکارییەکە "بە روونی دەگاتە دەیان ملیار دۆلار" و لە کۆتاییدا رەنگە ٢٠٠ ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.

هۆرۆڤیتز بە ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێسی وتووە کە پابەندە بەو خەمڵاندنەوە، بەڵام دڵنیا نابێت لە ژمارەکە تاوەکو داتای پتەوتری دەست نەکەوێت. وتیشی: "من ئامادە نیم زیادەڕەوی بکەم کە ئەوە چەندە، بەڵام بە روونی دیارە و هێشتا ژمێریاری کۆتایی لانیکەم دوو ساڵی ماوە".

پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا پۆستەکەی بەجێ بهێڵێت، رێوشوێنی یارمەتی بە پەلەی پەسەندکرد، کە کۆی گشتی 3,2 تریلیۆن دۆلار بووە، بە پێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن لیژنەی لێپرسینەوە لە وەڵامدانەوەی داتاى پەتاکان بڵاوکراونەتەوە.

پلانی رزگارکردنی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا بۆ ساڵی ٢٠٢١ رێگەی بە بایدن داوە یەک ترلیۆن دۆلاری دیکە خەرج بکات. بە پێی دوایین ژمێریاری کۆمسیۆنەکە، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی ئەو 5,2 تریلیۆن دۆلارە هێشتا نەدراوە.


دانیار فاروق












گەلەری