سەردێڕ:

پارتی کۆمسیۆنی لەنێوان پێنج حزبەکەدا دابەشکردەوە و یەکێتیش ناڕازییە

دیمەنێک لە شەڕی ئەمڕۆی پەرلەمان
AM:11:44:22/05/2023

95668 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنی پارتی بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کاراکردەوە و سەرۆکی پەرلەمانی ماوەبەسەرچووش دەڵێت، مردوو زیندوو ناکرێتەوە.


دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٣ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد.

 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دوای دروستبوونی ئاڵۆزی، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە و بە ٥٨ دەنگ پەسەندکرا.

مردوو زیندوو ناکرێتەوە

رێواز فایەق سەرۆکی ماوەبەسەرچووی پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕتی راگەیاند،"دانیشتن داخراوە واتە مردووە و مردوو زیندوو ناکرێتەوە."

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا سەری شکاوە، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا کە ئەندامانی حزبەکەی ئامادەبوون وتی:" سەرۆکی پەرلەمان بەپێی دەسەڵاتەکانی دانیشتنەکەی دواخست و ئێمە رێگریمان کرد لەوەی پارتی کاری نایاسایی بکات لەناو پەرلەماندا".

ئەوەشی خستەڕوو، دانیشتنەکە دواخرا و یاساکە تێنەپەڕێندرا، بە قسەی زیاد جەبار "لەگەڵ پارتی رێککەوتوین کە دەبێت یاسای کۆمیسیۆن بە ریککەوتن تێپەڕێندرێت".

دەربارەی پێکهاتەکانیش وتی:"پێکهاتەکان بۆ تێکدانی هاوسەنگی هێز دانراوە و ئەوەی سکرتێری پەرلەمان کردی هۆکاری ئەو گرژیەی ئەمڕۆ بوو".

پارتی چی دەڵێت؟

پێشەوا هەورامی وتەبێژی پارتی ئەوەیخستەڕوو بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کارا کراوەتەوە.

دەربارەی گرژیەکانیش وتی:"گرژی رویداوە و یەکەمجار نییە ئەوە رویداوە و لە جیهاندا ئەوە رودەدات، سیاسەتی حزبەکەمان جێبەجێ دەکەین و رێگا نادەین هەرێمی کوردستان بکەوێتەوە بۆشایی یاسایی و لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نەبووین."

بەگوێرەی راگەیێندراوی دوێنێی بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان، دەبوو ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٣ پەرلەمان کۆببێتەوە و بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش ده‌نگدان بێت له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حەوت پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان. بڕگەی دووەمیش خوێندنه‌وه‌ بۆ دوو پڕۆژەیاسایە بکرایە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەوە لەسەر دانیشتنەکە، کۆبوونەوەکە ئاڵۆزی تێکەوت و تەنیا ئەوە بەڕێوەبرا، کە پارتی دەڵێ کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و یەکێتی رەتیدەکاتەوە.

شەڕ لەسەر چی؟

هیمداد شاهین وتەبێژی جووڵانەوەی نوێ لەو بارەیەوە رایگەیاند، ٣٢ ساڵە حکومەتی پارتی و یەکێتی زوڵم لە خەڵکی هەرێم دەکەن و ماوەی پێنج ساڵە مووچە و کارەبا و خزمەتگوزاری تەندروستیان بۆ هاوڵاتیان دابین نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی کوردستان سەدان کێشەیان هەیە، بەڵام نەبینرا پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر مافی خەڵک لە پەرلەمان شەڕ بکەن، کەچی ئێستا هەریەکە لەو دوو حیزبە لەسەر ئەندامی یەک کۆمسیۆن کردویانە بە هەرا.

هیمداد شاهین وتیشی، "بەڕاستی حیزبایەتی لای پارتی و یەکێتی مانای بەرژەوەندی حیزبی خۆیان، نەک غەم و بەرژەوەندی خەڵک."


 













گەلەری