سەردێڕ:

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی سەرمایەکەی لەکوێوەیە و بەچی شێوەیەک قەرز دەدات؟

PM:06:50:08/05/2023

2012 جار خوێندراوەتەوە

هەم فریاد ڕەسە و هەم لەناوبەرى ئابوورى وڵاتانى سەر گۆى زەویە، لەیەک کاتدا رۆڵى هەیە لەبونیاد و لەناوبردنى ئابوورى هەر وڵاتێک ئەگەر پەیڕەو یاخود پەیڕەوى یاساکانیان نەکات.


سندوقى دراوى نێودەوڵەتى، ئەو سندوقەى لەمیانەى جەنگى جیهانى دووەمدا هاتە بوون، چۆن رۆڵ لە بوژاندنەوەى ئابوورى وڵاتێک دەبینێت، بەهەمانشێوە چۆن بیەوێت ئابوورى وڵاتێک دابڕمێنێت.

سندوقى دراوى نێودەوڵەتى کە بە ئاى ئێم ئێف ناسراوە، دامەزراوەیەکى گەورەى دارایی نێودەوڵەتییە، لەساڵى ١٩٤٤ لەلایەن رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دامەزراوەو بارەگاکەى لە واشنتنى پایتەختى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکایە.

ئێستا ژمارەى ئەندامانى سندوقەکە لە ١٩٠ وڵات پێکدێت، سندوقى دراوى نێودەوڵەتى بەگوێرەى سیاسەتەکانى خۆى قەرز دەداتە وڵاتانى ئەندامى سندوقەکە، ئەوەش بەئامانجى چارەسەرکردنى ئەو کورتهێنانانەى لە بودجەى وڵاتەکانیان دوچاریان دەبێتەوە.

هاوکات سندوقەکە کاردەکات لەسەر سەقامگیرى نرخى دراو لەجیهاندا، هاوکات لەسەر ئەو وڵاتانە چەند مەرجێک دەسەپێنێت، ئەگەر بێت و قەرزارى سندوقەکە ببن، پێویستە لەسەریان راوێژى پێبکەن، کاتێک بیانەوێ چاکسازى لە بودجەى وڵاتەکانیاندا بکەن.

لەدواى جەنگى جیهانى دووەم، ٤٤ وڵاتى جیهان لە کۆنگرەى برایتۆن وودز کۆبوونەوە، بە ئامانجى داڕشتنى پلانێک لەچوارچێوەى هەماهەنگیکردنى وڵاتان، بۆئەوەى خۆیان بەدووربگرن لە داڕمانى ئابوورى، کە لە ساڵانى سییەکانى سەدەى رابردوو، جیهان بەدەست داڕمانى ئابوورییەوە دەیناڵاند، کە ناونرا داڕمانى گەورە.

لە ٢٧ى کانونى یەکەمى ١٩٤٥، بەفەرمى سندوقى دراوى نێودەوڵەتى خرایە بەرچاوى جیهان، ئەمەش دوای ئەوەى ٢٩ وڵات واژۆیان لەسەر شێوازی دروستکردنەکەى کرد.

ئامانجى سەرەکى سندوقەکە، پەرەپێدان و چاکسازییکردنە لە پەیوەندییە داراییەکانى لەجیهاندا، هەروەها برەودان بە بازرگانى جیهانى و هەروەها رێگریکردن لەهەر پلانێک یان هەڵوێستێک کەببێتە هۆى زیان گەیاندن بە ئابوورى جیهان.

هاوکات سندوقى دراوى نێودەوڵەتى هاوکارى هونەرى پێشکەش دەکات و خولى تایبەت بە بەرپرسانى حکومى دەڵێتەوە، ئەویش بەئامانجى پەرەپێدانى تواناى حکومەتەکانیان لە جێبەجێکردنى سیستەمى دارایى وڵاتانى ئەندامى سندوقەکە.

هەروەها سندوقى دراوى نێودەوڵەتى، بە ئەرکێکى سەرەکى هەڵدەستێت، ئەویش چاودێرى دارایی وڵاتانى ئەندامى سندوقەکە دەکات، لەرێگەى بەدواداچونى ئەو پێشهاتانەى دێنەپێش، بەمەبەستى پارێزگاریکردن لە سەقامگیرى و رێگریکردن لە دروستبوونى قەیرانە دارایى و نێودەوڵەتییەکان.

کاتێک سندوقى دراوى نێودەوڵەتى قەرز دەداتە هەموو وڵاتانى جیهان، ئاخۆ چۆن خۆى ئەو پارەیە پەیدا دەکات؟، پارەدارکردنى سندوقەکە بەچەند رێگەیەکەوە دەبێت، کاریگەرترین رێگا کە پشتى پێدەبەستێت بۆ بەدەستهێنانى پارە بریتییە لەوەى ئەو ئابوونانەى ئەندامانى سندوقەکە دەیبەخشن، پشکى ئابوونەى وڵاتانیش بەشێوەى چەند جۆرێک دابەشدەبن، کە لە ٢٥٪ى ئاڵتوون و لە ٧٥٪ لە دراوى ئەو وڵاتەى ئەندامە پێکدێت.

لەکاتێکدا بڕى ئەو پشکە جێگیرنیە و لەنێوان وڵاتێک بۆ وڵاتێکى دیکە بەگوێرەى قەبارەى ئابووریەکەى ئاستى فراوانى بازرگانییەکەى و جۆرى ئەو داهاتە ناوخۆییانەى تاکى ئەو وڵاتانە وەک باج دەیبەخشن دەگۆڕێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، بەگەورە زلهێزى ئابوورى جیهان هەژماردەکرێت، کە بە گەورەترین پارەدارکردنى سندوقى دراوى نێودەوڵەتى دادەندرێت، کە پشکى ئەو زلهێزەى جیهان دەگاتە ١٧.٥٪ لەکۆى قەبارەى ئەو ئابوونانەى دەدرێتە سندوقەکە لەلایەن وڵاتانى ئەندامەوە.



دانیار فاروق













گەلەری