سەردێڕ:

بڕیارێکی نوێ لەبارەی فایزەرەوە درا

PM:06:16:23/08/2021

30708 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی رەزامەندی تەواوی نیشاندا لەبارەی بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەری دژە کۆرۆنا بۆ کەسانی تەمەن ١٦ ساڵ و بەرەو سەروتر.


ئەمڕۆ دووشەممە، جانیت وۆدکوک کۆمسیاری ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا لە راگەیەنراویکدا ئاشکرای کرد، رازی بوونی ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی لەبارەی بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای فایزەرەوە، گەیشتن بە خاڵێکی دیکە لە روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشدا، "لەکاتێکدا بە ملیۆنان کەس ڤاکسینەکە بێ مەترسی وەردەگرن، لەوە تێدەگەین بەلای هەندێ کەسەوە ئەم پەسەندکردنەی ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە بۆ کەسانی تەمەن ١٦ ساڵ و بەرەو سەرتر، متمانەیان بەرامبەر بەکارهێنانی ڤاکسینەکە زیاد دەکات".

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، پەسەندکردنی بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای فایزەر بەشێوەیەکی تەواوەتی، پێشبینیدەکرێت کۆمەڵێک بڕیاری نوێ لەبارەی پابەندکردنی هاوڵاتییان بە وەرگرتنی ڤاکسینەکە دەربکرێت بۆ روبەڕوبوونەوەی زنجیرەی نوێی دەلتا.

پێشتر، توێژینەوەیەکی نوێی ئیسرائیلی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەوە ئەنجامدرابوو ئاشکرای کرد، وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی فایزەر، بەرگری دژی کۆرۆنا چوارهێندە بەرزدەکاتەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە کە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی تەمەنیان ٦٠ ساڵ و زیاترە، لەکاتی وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە چوارهێندە بەرگری جەستەیان بەرامبەر کۆرۆنا بۆ دروست دەبێت بەراورد بە وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاکسینەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتیک بۆ دۆخی کتوپڕی روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. پێشتریش لە ٨ی کانونی دووەم دەستە چاودێرییەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، ڤاکسینی دژە کۆرۆنای فایزەر بەڕیژەی ٩٥٪ کاریگەری هەیە لەسەر دروستکردنی بەرگری جەستە و هیچ مەترسییەکی نیە لەسەر ئەوکەسانەی وەریدەگرن.

كـ، ئـ








گەلەری