سەردێڕ:

بارزانی بە دەست بەتاڵی لە بەغدا گەڕایەوە؛ هیچ رێککەوتنێک لەبارەی نەوتەوە نەکرا

PM:12:36:25/07/2022

15828 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای لێدوانە دیبلۆماسییەکانی بەرپرسە عێڕاقییەکان، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا نەیتوانی هیچ گۆڕانکارییەک بهێنێت بەسەر تەنگەژەی دۆسیەی نەوت و غازدا.


بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلعەرەب کە رۆژنامەیەکی عەرەبییە و بارەگای سەرەکی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا ئەنجامی باشی نەبووە بە تایبەت لە دۆسیەی نەوت و غازدا بە هۆی سووربوونی هەردوولا لەسەر هەڵوێستەکانیان.

سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و دووەم سەردانیەتی لە دوای سێ ساڵ لە دەستبەکاربوونی وەک سەرکوەزیرانی هەرێم. مەسرور بارزانی لەبارەی بەرنامەی کاری سەردانەکەی بۆ بەغدا رایگەیاند، بەرنامەیەکی کاری دەستوورییان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ماوەی ١٧ ساڵە لە ئارادان، بەجۆرێک چارەسەرکردنەکە کە لە بەرژەوەندی هەرێم و عێراقدا بێت.

بەڵام لە دوای سەردانەکەی هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەی رانەگەیاند.

بارزانی لە سەردانەکەیدا چاوی بە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کەوتووە و لە راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر قوڵکردنەوە و بەردەوامی گفتوگۆکان لە نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم و بەغدا.

لای خۆشیەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هێشتا کاتێکی گونجاوە بۆ چارەسەی سەرجەم ناکۆکییەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی شووباتی رابردوو، دادگای فیدراڵی عێڕاقی کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێڕاق رایگەیاند، ئەو یاسایەی لە کوردستان نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی پێدەفرۆشرێت نایاساییە. حکومەتی فیدراڵێش دەیەوێت ئەو بڕیارە جێبەجێبکات.

بەپێی یاسای نەوت و گازی هەرێم کە لە ساڵی ٢٠٠٧ پەسەندکراوە ماف بە حکومەتی عێراق دەدات بەشدار بێت لە بەڕێوەبردن و فرۆشتنی نەوت و گاز لەو کێڵگانەی لە پێش ساڵی ٢٠٠٥ دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەو کێڵگانەی لە دوای ئەو بەروارە دۆزراونەتەوە تایبەتن بە حکومەتی هەرێم.

مانگی رابردووش دادگایەکی عێڕاقی لەسەر داوایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی چوار کۆمپانیای کەنەدی بەریتانی نەرویجی و ئەمریکی لەگەڵ هەرێم هەڵوەشاندەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێڕاق بڕیارە کۆمپانیاکانی شلمبرگر بەیکەرهیوز و هالیتبەرتۆن لە هەرێم بکشێنەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی نەوت و گازی هەرێم پشتی بە دوو کۆمپانیای گەورەی پارێزەری بەستووە کە ئەوانیش هامڵتۆن و کلیری گۆتلێپستینگ بە مەبەستی ئەوەی گفتووگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت غاز بکەن کە لە هەرێـم کاردەکەن و قایلیان بکەن بە کشانەوە.

بەپێی لێکدانەوەکان کە بۆ رۆژنامەی ئەلعەرەب کراوە، وەڵامی ئەو کۆمپانیایەی نەوت و غاز نیگەرانی بۆ هەرێم دروستکردووە و وای لە سەرۆکوەزیرانەکەی کردووە سەردانی بەغدا بکات، بەڵام بەغدا ئامادەی سازش نییە لە داواکانی.

عێراق دوووەم گەورەترین هەناردەکانی نەوتی وڵاتانی ئۆپیکە و نزیکەی ٣.٣ ملیۆن نەوت لە رۆژێکدا هەنارەدە دەکات، بەڵام هەرێم رۆژانە نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل هەناردە دەکات.

هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق هەرێم بەوە تۆمەتبار دەکات نەوت بە کەمتر لە نرخی بۆرسەی جیهانی دەفرۆشێت و داهاتەکەشی بە فیڕۆ دەدات، بەڵام هەرێم ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ حکومەتی عێراقی رایگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا داهاتی فرۆشتنی نەوتی ١١ ملیار دۆلار بووە، بەڵام هێشتا داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ئەم مانگە رانەگەیەندراوە و بەشێک لە وەزارەتەکان موچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە.













گەلەری