سەردێڕ:

ئەمریکا هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ یەکێتی ئەوروپا زیادکردووە

PM:06:37:05/07/2022

1924 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە راگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا ئەمریکا زیاتر لە روسیا گازی سروشتی بۆ یەکێتی ئەوروبا هەناردە کردووە.


فاتح بیرۆڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە تویتێکدا رایگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا یەکێتی ئەوروپا زۆربەی گازی سروشتی پێویستی لە ئەمریکاوە هاوردە کردووە و بڕەکەی زیاتر بووە لەو بڕەی لە روسیاوە هاوردەکراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، یەکێتی ئەوروپا دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی بەکارهینانی گازی روسیا و ئەو وڵاتەش هەناردەکانی کەمتر کردووەتەوە.

هاوکات، ئەوروپا بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت بۆ دابینکردنی گازی روسیا و کۆمپانیای روسی گازپرۆم لە رێگەی گەورەترین هێڵی بۆرییەوە لە ئەوروپا، بڕی گازی هەناردەکراوی بۆ ئەوروپا کەمکردووەتەوە بەهۆی پابەندنەبوونی ئەوروپا بە مەرجی نوێی پارەدان کە لەلایەن مۆسکۆوە سەپێنرا و بریتیبوو لە پێدانی پارەکە بە رۆبڵی روسی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی پێشتر، روسیا بەتەنها ٤٥٪ی غازی ئەوروپا دابین کردووە و نەرویج ٢٤٪ و جەزائیر ١٣٪ و ئەمریکا ٧٪ و وڵاتانەی دیکە پێکەوە ٧٪ و قەتەریش ٥٪.

لەلایەکی دیکەشەوە، پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم لە ئیماڕات باسی لەوەکردبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتوانایدایە غازی سروشتی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دابین بکات.













گەلەری