سەردێڕ:

لە هەولێر تەقە لە ماڵێک کرا و ژن و مێردێک کوژران

AM:11:03:30/06/2022

125928 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە شەقامی سورچیانی هەولێر تەقە لە ماڵێک کراوە و بەهۆیەوە ژن و مێردێک کوژراون.


باسی لەوەشکرد، ئەو کەسەی ئەو دوو هاوسەرەی کوشتووە، رۆیشتووەتە ناو ماڵەکەیان و تەقەی لێکردوون.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، گوماندەکرێت برای ژنەکە ئەو تاوانەی ئەنجامدابێت و تۆمەتباری رووداوەکەیە. هەر بەپێی وتەی کەسوکاری دوو هاوسەرەکە، رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بووە.

ئەوەشیان خستەڕوو، کە لە رابردوودا رێککەوتن لە نێوان دوو ماڵەکەدا کراوە و بابەتەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ ئەو کەسە چووەتە ماڵی خوشکەکەی و تەقەی لێکردوون.

دراوسێکانی ئەو ماڵەش باسیان لەوەکرد، کە ئەو ماڵە لە گەڕەکەکەدا ماڵێکی بێدەنگ و بێ کێشە بوون.

لەو بارەیەشەوە نەنکی کوڕەکە باسی لەوەکرد، کە کێشەکەیان کۆتاییپێهێناوە و سێ هاوسەرگیریان لەبری ئەو گرفتە ئەنجامداوە، دوو لە ژنەکانیش دووگیانن، کێشەکەش کۆتایی پێهاتبوو و هاتوچۆی یەکتریان دەکرد.

رزگار کۆچەر، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری