سەردێڕ:

رۆژنامەی سەباح: کۆمپانیا گەورەکانی نەوت لە هەرێم دەکشێنەوە

PM:01:25:26/06/2022

34528 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی سەباحی فەرمی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمپانیای بەیکەر هیوزی ئەمریکی گەورەی جیهانی کە لە بواری خزمەتگوزارییەکانی کێڵگە نەوتییەکاندا کاردەکات کشانەوەی خۆی لە هەرێمی کوردستان راگەیاندووە و ئاماژەی بەوەکردووە کە پەیوەست دەبێت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە.


رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کشانەوەی کۆمپانیاکە دەرگای لەبەردەم دوو کۆمپانیای دیکەی ئەمریکیشدا کردووەتەوە کە بریتین لە کۆمپانیاکانی هالیبرتن و شلمبرگری ئەمریکی.

باسی لەوەشکردووە، نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوری بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، ٥٧ گرێبەست لە نێوان کۆمپانیا جیهانییەکان و هەرێمی کوردستدان دا واژۆ کراوە لە ساڵی ٢٠٠٥وە تا ئێستا و بە دەیان لەو کۆمپانیایانە کۆمپانیای بچووک و مامناوەندن و بەشێکیان کۆمپانیای گەورەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی ململانێ و گرژییەکان لەنێوان هەرێم و فیدڕاڵدا گەیشتووەتە دۆخێکی جدیتر لە جاران، لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کە هەر کۆمپانیایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات لە عێراق دەخرێتە لیستی رەشەوە، ئەو کۆمپانیایانەی لەناوچەکانی دیکەی عێراق کاردەکەن دەکشێنەوە.

لەبارەی کشانەوەی کۆمپانیای بەیکەر هیوزەوە دەشڵێت، پابەندبوونی بەهۆی ئەوەوەیە کە لە کێڵگە نەوتییەکانی غەراف و ناسریە کارێکی زۆر دەکات بە بڕی ٣٧٠ ملیۆن دۆلار.

نەبیل مەرسومی باسی لەوەشکردووە، پێشبینی دەکات جگە لەو دوو کۆمپانیایە، زۆرینەی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی كە لە باشور‌و ناوەڕاستی عێراق کاردەکەن، لەترسی بەرژەوەندییەكانیان كۆتایی بە كاركردنی خۆیان لە هەرێمی كوردستان دەهێنن.

ل.ل













گەلەری