سەردێڕ:

لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین و ئاستێکی نوێی تۆمارکرد

PM:07:15:18/05/2022

8924 جار خوێندراوەتەوە

لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین و ئاستێکی نوێی تۆمارکرد کە نزیکدەبێتەوە لە نزمترین ئاستی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووی کە تۆمارکرا، بەمەش لەمساڵدا ١٧٪ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە .


ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ دەیەمین رۆژی لەسەریەک لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین و لەمڕۆدا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٥٩٥ لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەدەکرێت و تەنها لەمساڵدا ١٧٪ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، تەنها لەمڕۆدا ٠.٣٪ی بەهاکەی لەدەستاوە و لە رۆژی پپێنجی ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ ٧.٥٪ی بەهاکەی لەدەستاوە و بەمەش نزیکدەبێتەوە لە نزمترین ئاستی خۆی کە لە ساڵی ٢٠٢١دا تۆماری کرد و نزمیترین ئاستیشی لەم چەند ساڵەی دواییدا ١٨٠٠ لیرە بەرامبەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بووە.

هاوکات، شارەزایان پێیان وایە، مەترسی نزمبوونەوەی زیاتری بەهای لیرە هەیە و ئەگەر بێت و هیچ دراوێکی بیانیی پشتگیری لیرە نەکات، ئەوا بەهاکەی زیاتر دادەبەزێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، هەڵئاوسان لەو وڵاتە رێژەی ٣٦٪ تێپەڕاند، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە و لە ١٩ ساڵی رابردوودا ئەو رێژەیە تۆمارنەکراوە.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، لە ماوەی رابردوودا لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا کاریگەرییان هەبووە لەسەر دابەزین و بەرزبوونەوەی بەهای لیرە.

لە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوودا، لیرە نزمترین ئاستی مێژووی خۆی تۆمارکرد کە ١٨ لیرە بەرامبەر بە دۆلارێک بوو.

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و سیاسەتەکانی ئەردۆغان بە هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە دادەنێن، ئەوەش بەهۆی بانگەشە بۆ ئابوری سەربەخۆ و سیاسەتی کەمکردنەوەی رێژەی سوودەوە.

دوای ئەو داواکاریانەش، ئەردۆغان رەتیکردەوە ئامادەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات و رایگەیاند، دەبێت بوەستن تاوەکو لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.













گەلەری