سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. خۆپیشاندانەکانی ئێران دژی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بەردەوامە

AM:11:26:14/05/2022

6308 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و كەمبوونی بەشێك لە ماددە خۆراكییەكان لە شارەکانی بروجێرد و دورود سەر بە پارێزگای لوڕستان، کونکان و فارسانى سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، کۆهگیلویە و دێهدەشت سەر بە پارێزگای بویەر ئەحمەد، دێزفول، سوسێنگرد، ئەندیمێشک و ئیزە-ی سەربە پارێزگای خوزستان ئێران بەردەوامە.


ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵۆ بڵاویکردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان دوای راگرتنی ئەو کۆمەکە داراییە دێت کە پێشتر لەلایەن حکومەتەوە دەبەخشرا بە هاوڵاتیانی کەمدەرامەت.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەریەکە لە شارەکانی بروجێرد و دورود سەر بە پارێزگای لوڕستان، کونکان و فارسانى سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، کۆهگیلویە و دێهدەشت سەر بە پارێزگای بویەر ئەحمەد زۆرترین ناڕەزایی و خۆپیشاندانی تێدا ئەنجام دەدرێت.

ئاژانسی ئانادۆڵۆ ئەوەشی خستووەڕوو، لە چەند گرتە ڤیدیۆییەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوكراوەتەوە، دەردەکەوێت، هێزه ئەمنییەكان به گازی فرمێسكڕێژ وەڵامی خۆپیشاندەران دەدەنەوە كه دروشمی جۆراوجۆر له دژی دەسەڵاتدارانی وڵات و حكومەت دەڵێنەوە. هەروەها لە شارەكانی بروجێرد و فارسان هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێكردنیان تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لەچوارچێوەی بەشداری کردنی لە پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی ده‌وڵه‌تی ئێران ، ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە دا، خۆپیشاندانەکان سەرتاسەریی نین. دەشڵێت، "گەلەکەمان وەڵامی بانگەوازی دوژمنانی نەداوهتەوە، تەنیا چەند کەسێک نەبێت کە گردبوونەوه".

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمیی ئێران (IRNA)، راپۆرتەکانی دامەزراوەی بودجە و پلاندانان، ساڵانە کۆی گشتی ٩٠٠ ترلیۆن تمەن بۆ کۆمەکی دارایی دابین کراوە.

ئیبراهیم ره‌ئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ، رۆژی ٩ی مانگی رابردوو رایگه‌یاند، له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابوری کۆتایی به‌ پێدانی کۆمەکە داراییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان هێنرا کە ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان لەو وڵاتەدا.

ئیبراهیم رەئیسی لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو، هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی نان و دەرمان و بەنزین ناکرێت. سەرەڕای ئەمەش لە رۆژنامە ناوخۆییەکان هەواڵێک بڵاوبووەوە کە نرخی نان سێ هێندە بەرز بووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی نەوت و هێلکە و گۆشتی مریشک نزیکەی چوار هێندە بەرزبووەتەوە.

هەروەها، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دوێنێ لە شارەکانی دێزفول، سوسێنگرد، ئەندیمێشک و ئیزە-ی سەربە پارێزگای خوزستان کە دانیشتوانەکەی زیاتر عەرەبن، هەروەها لە شاری یاسووچ-ی سەربە پارێزگای کۆهگیلویە خۆپیشاندان ئەنجامدرا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئێرنا" بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ١٥ کەس کە سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکانی شاری دێزفولیان کردبوو و حەوت کەسیش کە هەوڵیان دابوو خۆپیشاندەران تاودەن تاوەکوو زیان بە موڵکی گشتی بگەیەنن لە شاری یاسووچ دەستبەسەر کران.

هاوکات، ماڵپەڕی Netblock ماڵپەڕی کە بنکەی سەرەکی لە لەندەنە و چاودێری ئینتەرنێتی جیهانی دەکات، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل لە ئێران سنووردارکرا.













گەلەری