سەردێڕ:

بەهۆی مانگایەکەوە دانیشتووانی گوندێک بێ کارەبا بوون

PM:10:52:11/05/2022

11284 جار خوێندراوەتەوە

لە گوندی تازەدێی سەر بە قەزای کەلار بارهەڵگرێک بەهۆی مانگایەکەوە وەردەگەڕێت و زیاد لە ١٤٠ ماڵ بێ کارەبا دەکات.


ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بارهەڵگرێک لە گوندی تازەدێی سەر بە قەزای کەلار وەرگەڕا و سیستمی کارەبای لادێکەی بچڕاندووە و چەند ستوونێکیشی تێکشکاندووە.

سەعید محەمەد دانیشتووی گوندەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی مانگایەکەوە روویداوە و بە جۆرێک بووە، مانگاکە لەسەر رێگای کەلار- سلێمانی بەناو گوندەکەدا تێپەڕ بووە و پەڕیوەتەوە و چووەتە بەردەم بارهەڵگرەکە.

باسی لەوەشکردووە، شۆفێرەکەش بۆ ئەوەی لە مانگاکە نەدات کۆنتڕۆڵی لەدەست داوە و بارهەڵگرەکەی لەدەست وەرگەڕاوە و خۆی بە چەند ستوونێکی کارەبادا کێشاوە، بەمەش سیستمی کارەبای گوندەکەی بەتەواویی بچڕاندووە.

جێگای ئاماژەیە، ئێستا دانیشتووانی گوندەکە، کە نزیکەی ١٤٠ ماڵ دەبن لە بێ کارەباییدا ئەمشەویان بەسەر دەبەن.

گەرمیان حەمەی پور، گەرمیان













گەلەری