سەردێڕ:

سێ هەڵبژاردەی سەربازی لەبەردەم پوتیندا

AM:12:31:09/05/2022

18780 جار خوێندراوەتەوە

دوای زیاتر لە دوو مانگ لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە ٩ی ئایار و جەژنی سەرکەوتنی روسا بەسەر نازییەکاندا، سەرۆکی ئەو وڵاتە سێ بژاردەی سەربازی هەیە.


بە پێی راپۆرتێکی تۆری هەواڵی ئێن بی سی ئەمریکی یەکەم بژاردەی سەربازی لەبەردەم ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا لە جەنگی سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر نازییەکاندا راگەیاندنی جەنگی ئاشکرایە لە دژی ئۆکرانیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، راگەیەندنی جەنگ رێگە بۆ پوتین خۆشدەکات سەرباز و کەلوپەلی جەنگی زیاتر بنێریتە ئۆکرانیا و جەنگەکە بۆ چەندان مانگ و چەندان ساڵ درێژبکاتەوە.

لەمبارەیەشەوە، ناتاليا بوجايوفا شارەزایەکی بواری جەنگ لە روسیا باسی لەوەکردووە، دابینکردنی سەربازی پێویست بۆ جەنگێکی ئاشکرا لەگەڵ ئۆکرانیا کارێکی ئاسان نییە و دەبێتە هەڕەشە بۆ سەقامگیری حکومەتەکەی روسیا، وتیشی، "تەنها لەبەر ئەوەی روسیەکان بە لێدوانەکانیان پاڵپشتی لە جەنگ دەکەن مانای ئەوەنیە دەیانوێت لە جەنگدا بمرن."

تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی ئاسکراشکردووە، دووەم بژاردەی بەردەم پوتین، راگەیاندنی سەرکەوتنە و رەنگە پوتین ٩ی ئایار وەک هەلێک بۆ راگەیاندنی سەرکەوتنی روسیا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا بقۆزیتەوە.

باسی لەوەشکردووە، ئەگەری ئەوە هەیە روسیا ریفراندۆم بکات لەو ناوچانەی دەسەڵاتی بەسەرداگرتووە و دواتر سەرکەوتن رابگەیەنێت.

لەبارەی ئەگەری کۆتایی بەردەم پوتینەوە تۆرەکە باسی لەوەکردووە، رەنگە پوتین واز لە هێرشە هەڕەمەکییەکانی بۆسەر ئۆکرانیا بهێنێت و هێرشەکان تەنیا لەو ناوچانە بەردەوامیپێبکات کە تێیدا لە پێشڕەویدایە وەک هەرێمی دۆنباس.

دەشڵێت، ئەم بژاردەیە زیاتر قبوڵکراوە لە لایەن کریملن و بەرپرسە روسیەکانەوە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، زیاتر لە دوو مانگە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامە و پێشتریش سێرگی لاڤرۆڤ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەدا لە جەژنی سەرکەوتنی روسیا بەسەر نازیدا وڵاتەکەی بەردەامدەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا.













گەلەری