سەردێڕ:

بۆچی وەزارەتی دارایی رەنگی لیستی موچەی گۆڕیوە؟

PM:06:13:08/05/2022

99668 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەی داوە لەسەر گۆڕینی رەنگی لیستی موچە و دەڵێت، بێ مەبەست بووە.


وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە و جیاواز لە مانگەکانی رابردوو رەنگی لیستەکە گۆڕاوە بە زەرد، ئەوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و هاوڵاتیان باسیان لە هۆکاری گۆڕانی رەنگی لیستەکە بۆ زەرد دەکرد.

لەو بارەیەوە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "هیچ مەبەستیک نەبووە لەو رەنگە تەنها بۆ ئەوەی نووسینەکان بارز بێت و جوان دیار بێت ئەو رەنگەی لێدراوە، رەنگی رەش لە ناو تەختێکی زەرددا جوان دیارە."

وەزارەتەکە دەشڵێت، "ئەمە سیستەمی کۆمپیوتەرییە نەک هیچی تر."

بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی لەماوەی نزیکی مانگێکدا موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.

لەماوەی رابردوودا ئێن ئاڕ تی کاتی دابەشکردنی موچەی ئاشکراکردبوو و باسی لەوەشکردبوو، کە پارەی پێویست لەبەردەستدایە بۆ دابەشکردنی موچە

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو موچەیەی حکومەت بڕیارە دابەشیبکات موچەی مانگی نیسانە؛ لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم نزیکن لە ناوەڕاستی مانگی ئایار. لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام نەک بەڵێنەکەی نەبردووەتەسەر، بەڵکو دابەشکردنی موچە مانگێک لەدوایە.

جگە لەوەی سیستمی دابەشکردنی موچە خراپە و بەبیانووی نەبوونی پارەوە دابەشکردنەکە دوادەکەوێت؛ ئەو گرفتەش زیاتر سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوانەش شێوەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان کێشەی تێدایە و تەنها لەکاتی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات و لە رۆژی جەژنی نەورۆزدا پێنج خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی موچەکانیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، چەندین خانەنشین برینداربوون و لەلایەن پاسەوانانی بانکەکانەوە مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەکرێت و پاڵیان پێوەدەنرێت یاخود داری کارەباییان لێدەدەن. 

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری