سەردێڕ:

بۆ نۆیەمین جار ئەمریکا هاوکاری سەربازیی رەوانەی ئۆکرانیا دەکات

AM:09:43:07/05/2022

2520 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هاوکاری سەربازیی نوێ بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت و هاوکارییەکانیش کەرەستەی جەنگی و رادار و پێداویستی دیکەش لە خۆدەگرن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، " لە ئابی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا، ئەوە نۆیەمین جارە لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگریی چەک رەوانەی ئۆکرانیا دەکرێت".


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە پاکێجێکی دیکە لە هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت و خۆیان لە هاوکاری ئەمنی و کەرەستەی جەنگ و رادار و پێداویستی دیکەدا دەبیننەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێوانەیەکی مێژوویی لە پشتگیری کردنی ئۆکرانیا تۆمارکردووە و ئەمەش بە ناردنی چەک و دابینکردنی چەک لە هێڵەکانی پێشەوەی ئازادی لە ئۆکرانیا کە راستەوخۆ کۆنگرێس پەسەندی کردووە.

ئەوەشی خستەروو، لە رێی دەسەڵاتدارانەوە بۆ خەرجکردنی پارەکە، بەڕێوبەرایەتییەکەی بە نزیکەیی هەموو ئەو بودجەیەی بەکارهێناوە کە بۆ ناردنی دڵنیایی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا تەرخانکراوە.

هەروەها، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا هاتووە، دەسەڵاتی داوە بە بەهای ١٥٠ ملیۆن دۆلار پێداویستی سەربازیی و تەقەمەنی لەسەر بودجەی سوپای ئەمریکا بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "لە کاتێکدا زیاد لە دوو مانگ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکی جەنگی ناڕەوا و بێ بەزەیی کریملیندا، ئەستەمە سەرسام نەبیت بەو سەرکەوتنەی گەلی ئۆکرانیا بەدەستیهێناوە. هەروەها ئەستەمە باوەڕ نەکەیت بە سەرکەوتنیان، چونکە نیشانیاندا خاوەنی ئیرادە و بوێری خەباتن".

دەشڵێت، لە ئابی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا، ئەوە نۆیەمین جارە لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگریی چەک و پێداویستی سەربازیی بۆ ئۆکراینا دەکڕدرێت.

ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوەشکرد، لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا، لەوەتەی رووسیا جەنگی بە رووی ئۆکراینادا کردووەتەوە، بەهای کۆی ئەو هاوکاریانەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینای دابینکردووە گەیشتووەتە ٣.٨ ملیار دۆلار.













گەلەری