سەردێڕ:

لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا بەشێک لە هێزەکان لە شنگال کشانەوە

PM:10:12:06/05/2022

8432 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە دوای خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتییانی دانیشتوی قەزای شنگال و لەژیر فشاری ئەواندا بەشێک لە هێزەکانی پاراستنی ئێزیدیخان و بەشێک لە هێزەکانی سوپای عێراق لە شنگال کشانەوە.


نەزیر شنگالی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە قەزای شنگال ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە هێزەکانی پاراستنی ئێزیدیخان و بەشێک لە هێزەکانی سوپای عێراق لە کۆمەڵگەی دووگۆرێی سەربە ناحیەی سنونێ دەستیان بە کشانەوە کردووە.

دەشڵێت،  بڕیارە سبەینێ بەشێکی دیکە لە هێزەکانیان لەو ناوچەیە بکشێننەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی پاراستنی ئێزیدیخان بە سەرۆکایەتی حەیدەر شەشۆ کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کورستانن هێزەکانی لە کۆمەڵگەی دووگۆرێ جێگیرکردبوو و زاڵگەیەکیشی دانابوو.

وتیشی، سوپای عێراق هێزەکانی خۆی لەسەر رێگای سەرەکی کۆمەڵگای دووگۆرێ بۆ ناحیەی سنونێ بەتەواوەت کشاندووەتەوە و چونەتە ناو بارەگای فەجی سێی وە.

هەربەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، بڕیارە لە کاتەکانی داهاتوودا هێزەکانی یەبەشە و ئاسایشی شنگال بەشێک لە هێزەکانی خۆیان لە کۆمەڵگەی دووگۆرێ دەکشێننەوە.

هەروەها، ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای عێراق هێزێکی بەچەکی قورسەوە رەوانەی قەزای شنگال کرد و لە بارەگای فەجی سێ و لیوای ٧٢ جێگیر کرد و بڕیارە ئەو هێزەش لە سنوری خانە سورێ جێگیربکرێن.

ئەمە لەکاتێکدایە، زیاتر لە ١٢ رۆژە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای عێراق و بەشێک لەو هێزانەی لە قەزای شنگالن دروستبووە و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ خێزان ئاوارە بوون و روویان لە پارێزگای دهۆک کردووە.

 
 
 












گەلەری