سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دیارەدەیەکی جیهانییەوە هۆشداریدا

PM:11:17:04/05/2022

8136 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تەنها لە ساڵی پاردا ١٩٣ ملیۆن کەس لە جیهاندا رووبەرووی برسێتی بوونەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە خواردنی رۆژانەیان نییە بۆ ئەمساڵیش گەیشتووەتە هەمان رێژەی ساڵی پار و پێشبینی دەکەن بەرزتریش بێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی خوردنی رۆژانەیان نییە گەیشتووەتە هەمان رێژەی ساڵی پار.

دەشڵێت، پێشبینی دەکەن ژمارەکە بگاتە ئاستێکی بەرزتر بەهۆی کاریگەری جەنگی ئۆکرانیا بەسەر بەرهەمهێنانی جیهانیی خۆراکەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەساڵی٢٠٢١دا، نزیکەی ١٩٣ ملیۆن کەس لە ٥٣ وڵاتی جیاواز بەهۆی جەنگ و کەش و هەوای خراپ و پەتای کۆرۆنا توشی قەیرانی خۆراک هاتوون.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی پار، ژمارەی ئەو کەسانەی کە خواردنی پێویستی رۆژانەیان نەبووە بۆ ٤٠ ملیۆن کەس بەرزبوویەوە.

وتیشی، وڵاتەکانی ئەفغانستان، کۆنگۆ، ئەسیوبیا، نەیجیریا، باشوری سودان، سوریا و یەمەن لە نێوان ئەو وڵاتانەدان کە بەدەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن.

باسی لەوشکردووە، سۆماڵ، بەپلەی یەکەم دێت لە رووی قەیرانی خۆراکەوە و بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەهۆی وشکەساڵی و گرانی نرخی خۆراک و گرژیی و ئاڵۆزیی بەردەوام.

هەروەها، راپۆرتەکە داوای وەبەرهێنانی بەپەلە دەکات لە کەرتی کشتوکاڵدا بە پێدانی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی جوتیاران بۆ وەرزی چاندنی داهاتوو بەمەبەستی زیادکردنی بەرهەمی خۆراکی ناوخۆیی لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان.













گەلەری