سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماری گیانلەدەستدانی پەنابەرانی لە ساڵی رابردوو ئاشکرا کرد

AM:09:11:30/04/2022

1548 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆمیسیارانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران رایگەیاند، تەنها لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە هەوڵی پەڕینەوەیاندا بۆ ئەوروپا، لە دەریای ئەتڵەسی و ناوەڕاستدا خنکاون. دەشڵێت، " هەندێکیان تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نادیارە".


شابیا مانتۆ، وتەبێژی کۆمیسیارانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ سازکرابوو، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە هەرچی زووە دەبێت رێگری بکەن لە گیانلەدەستدانی ئەو کۆچبەرانەی کە رێگای زۆر سەخت و پڕ مەترسی دەگرنەبەر و پارێزگاریان لێبکەن.

ئاشکراشی کرد، تەنها لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکاون و هەندێکیان تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نادیارە.

شابیا مانتۆ ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی رابردوو هەزار و ١٥٣ کۆچبەری نایاسایی لە باکوری خۆرئاوای ئەفریقاوە و هەزار و ٩٢٤ کۆچبەری دیکە لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون و بێ سەروشوێن بوون.

وتەبێژی کۆمیسیارانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٠دا رێژەی خنکان و گیانلەدەستدانی پەنابەران زۆر کەمتر بووە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٢٠٢١ ، بە جۆرێک ژمارەی ئەو کۆچبەرانی لەو دوو دەریایەدا خنکاون هەزار و ٥٤٤ کەس بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری خنکانی کۆچبەرەکان لە دەریا و زەریاکاندا دەگەڕێتەوە بۆ زۆری هەڵگرتنی سەرنشین و بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و نالەباری کەشو هەواوە.













گەلەری