سەردێڕ:

چین بۆ ئەمریکا: وا باشترە سەیرێکی ئاوێنە بکەن

PM:11:50:23/04/2022

10396 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی ئۆکرانیاوە روون و داوەرانەیە و ئەوەی دەستێکی خراپی لە ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیادا هەیە ئەمریکایە.


چاو لی جیان وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی لێدوانەکانی ویندی شیرمان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵوێستەکانی چین بەرامبەر جەنگی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، داوا لە ئەمریکا دەکەن سەیرێکی ئاوێنە بکەن و سەرقاڵی کێشەکانی خۆیان بن.

وتیشی، لە زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیادا پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ لایەنێک درێژ نەکەن، چونکە ئەمریکا خاوەنی خراپترین دۆسییەیە لەو گرژیانەدا.

باسی لەوەشکردووە، "ئەو لێدوانانەی ئەمریکا بێ بنەمان و بۆ ئەوەیە ناوبانگی چین لەکەدار بکات."

چاو لی جیان ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەڵوێستی چین لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و روسیاوە روون و دادوەرانەیە و چین ئەو وڵاتەیە هەردەم ئاشتی بۆ هەموو جیهان دەوێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەسەرەتای جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە چین لێدوانەکانی بە ئاراستەی پاڵپشتیکردنی روسیا بووە و رەتیکردوەوە هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکرانیا بە داگیرکاری ناو ببات.













گەلەری