سەردێڕ:

سەرۆک کۆماری عێراق: بەردەوامبوونی چەقبەستوویی سیاسی وڵات بەرەو ھەڵدێر دەبات

PM:01:27:19/04/2022

2720 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە ئێستا عێراق دوای پێنج مانگ لە ھەڵبژاردنەکان و بەھۆی دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بەرەوڕووی بووەتەوە، بووەتە مایەی نیگەرانی. دەشڵێت، " بەردەوامبوونی چەقبەستوویی سیاسی وڵات بەرەو ھەڵدێر دەبات".


ئەمڕۆ سێشەممە، بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی رێورەسمی ٤١یەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر کە لە بەغدا بەڕێوەچوو رایگەیاند، ، ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە ئێستا عێراق دوای پێنج مانگ لە ھەڵبژاردنەکان و بەھۆی دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بەرەوڕووی بووەتەوە، بووەتە مایەی نیگەرانی.

وتیشی، بەردەوامبوونی چەقبەستوویی سیاسی وڵات بەرەو ھەڵدێر دەبات.

ئاماژەی بەوەشدا، ھەندێک لایەن، دەیانەوێت عێراقییەکان بە ململانێی ناوخۆییەکان سەرقاڵ بکەن، نابێت عێراقییەکان بەوە رازی بن و سازش لەسەر مافی خۆیان لە بوونی دەوڵەتێکی نیشتمانیی بکەن.

بەرهەم ساڵح وتیشی، عێراقێکی سەربەخۆ و خاوەنی سەروەری لە بەرژەوەندی عێراقییەکان و بنەمای پرۆژەی نیشتمانی عێراقییەکانە.

ئەوەشی خستەڕوو، ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە گەل و ھێزە نیشتمانییەکان داوایان کرد ئەنجام بدرێت، رێگا چارەبوو بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵام دواتر بەرەوڕووی ئاستەنگ بووەتەوە کە نابێت پشتگوێ بخرێت و دەتواندرێت ئاستەنگەکان بە یەکھەڵوێستی و سەرخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەم قۆناغەدا، تێپەڕێندرێت.

سەرکۆماری عێراق جەختیشی کردەوە، پەکخستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان، دیاردەیەکی مەترسیدارە و جێگای قبوڵکردن نییە.

ئاشکراشی کرد، ژمارەیەک بڕگەی دەستووریی ھەن کە پێویستە ھەموار بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتواندرێت قەیرانەکانی پێ چارەسەر بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە و تا ئێستا و دوای شکستهێنانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرک کۆماری نوێ و دەستنیشانکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی نەتوانراوە ناکۆکی و ململانێکانی نێوان لایەنەکان تێپەڕێنرێت و حکومەتی نوێ هەڵبژێردرێت و دۆخی سیاسی بە چەقبەستن گەیشتووە.













گەلەری