سەردێڕ:

بۆچی نه‌وه‌ی نوێ؟

PM:02:26:12/10/2024
4028 جار خوێندراوەتەوە
مەحمود عەبدولمەجید عومەر
+ -

كۆمه‌ڵێك خاڵ هه‌یه،‌ كه‌ 'نه‌وه‌ی نوێ' له‌ هه‌موو حیزبه‌كانی تر جیائه‌كاته‌وە:

ئەو خاڵانە چین؟ کە نەوەی نوێ لە هەموو حیزبەکانی تر جیائەکاتەوە:

1- نه‌وه‌ی نوێ و حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات: له‌ هیچ ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌راورد ناكرێت، چونكه‌ نه‌وه‌ی نوێمان نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و نه‌ له‌ حكومه‌ت نه‌دیتووه‌، تاوه‌كو به‌راورد بكه‌ین له‌نێوان ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو لای به‌راورد پێكراو.

2- نه‌وه‌ی نوێ، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو حیزبه‌كانی تر بۆ چركه‌یه‌كیش به‌شدار نه‌بووه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌ كاتێكدا هه‌موو حیزبه‌كانی تر به‌ ده‌سه‌ڵات وئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ به‌شداربوونه‌ له‌ حكومرانی كوردستان ئه‌گه‌ر به‌ وه‌زاره‌تێك، یان چه‌ند ده‌سته‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه‌كه‌وه‌ بێت.

3- نه‌وه‌ی نوێ منهجی ڕوون و ئاشكرایه‌، مامەڵەکردنی زۆر (دۆگماتیك)ه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، واتا منهه‌جێكی نه‌گۆری هه‌یه‌، به‌واتای ئه‌وه‌ی ئه‌توانێ به‌رگری له‌ بۆچوون وهه‌ڵوێستی خۆی بكات، ئه‌گه‌ر له‌ ژێر فشاریش دابێت،له‌ هه‌مان كاتدا زۆر (پراگماتیك)ه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو پێشهات و بارودۆخێك، كه‌ ڕووبه‌ڕوی خۆی و هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌بێته‌وه‌، به‌ واتای ئه‌وه‌ی وه‌زیفه‌ی خۆی له‌وه‌یا نابینێته‌وه‌، كه‌ ته‌نها وه‌سفی واقع بكات ودووباڕه‌ بیگێرێته‌وه‌، به‌ڵكو وشه‌ و فیكر وه‌ك ئامرازێك سه‌یر ئه‌كات بۆ پێشبینی، پاشان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ئینجا بۆ كاركردن.

4- ڕیفراندۆم ڕوونترین و باشترین نموونه‌یه‌ له‌سه‌ر بۆچوونی خاڵی سێیه‌م، كاتێك‌ هه‌موو حیزبه‌كانی تر نه‌یانتوانی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو فشاره‌ی كه‌ ده‌زگای ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانی ده‌سه‌ڵات ئه‌یكرده‌ سه‌ریان به‌رگری له‌ بۆچوونی خۆیان بكه‌ن، بینیمان چۆن له‌ كۆتاییدا ته‌سلیمی ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵات بوون، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێكیان له‌ ناخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم نه‌بوون، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌موویان باس له‌ لایه‌نه‌ سه‌لبیه‌كانی ڕیفراندۆم ئه‌كه‌ن، وه‌ك بڵێی ئه‌وان نه‌بوون له‌ هه‌موو هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆم ئاماده‌بوون، یان ده‌نگیان به‌ نه‌خێر دابێت، به‌ڵام 'نه‌وه‌ی نوێ' وه‌ك حیزبه‌كانی تر نه‌ترسا له‌وه‌ی ڕیفراندۆم سه‌ر بگرێت عه‌یب دار بێت و بكه‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی له‌عنه‌تی ده‌زگا ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانی ڕیفراندۆمخوازان، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ حیزبێكی هه‌ڵه‌پاز بێت و ده‌رهاوێشته‌كانی له‌یه‌ك نه‌دابێته‌وه‌، به‌ڵكو ڕوئیای له‌ خوێندنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و پێشهات و پاشهاتی ڕیفراندۆم ڕوونبوو، له‌ به‌رامبه‌ردا باشترین هه‌ڵویستی حیزبە‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئه‌وه‌ بوو، كه‌ هه‌ندێكیان ئه‌ندام ولایه‌نگرانی خۆیان سه‌رپشك كرد به‌ به‌ڵی یان به‌ نه‌خێر، ئه‌مه‌ش له‌ ڕووی سایكۆلۆجیه‌وه‌ دڵڕاوكێی له‌ ناخی لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه‌ دروست كرد، ئاخۆ له‌ داهاتوودا ئه‌بێ چی ڕووبدات كاتێك ئه‌بینێت حیزبه‌كه‌ی هیچ ئاینده‌ سازییه‌ك له‌ دیدگایدا نییه‌، ئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ژماره‌ی كورسیه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ بۆ سفر دابه‌زی.

من ناهه‌قی ئه‌و حیزبانه‌ ناگرم له‌م هه‌ڵوێسته‌یان چونكه‌ ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی نوێش ئه‌ترسا له‌وه‌ی، كه‌ ڕاسته‌وخۆ بڵێت نه‌خێر بۆ ڕیفراندۆم بۆیه‌ پاشگری (له‌ ئێستادا)ی بۆ دروشمه‌كه‌ی زیاد كرد، ئه‌وه‌ش له‌ ترسی ده‌سه‌ڵات نه‌بوو به‌ڵكو له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ بۆ دروشمی (نه‌خێر) بكه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌تا نه‌وه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردی نییه‌ به‌مه‌ش نه‌وه‌ی نوێ به‌ خائین ناوزەند بكرێت وهه‌ڵوێسته‌كه‌ی له‌لایه‌ن ڕای گشتییه‌وه‌ قابلی تانه‌لێدان بێت، چونكه‌ ڕای گشتی له‌و كاته‌دا به‌شێوه‌یه‌ك ئاراسته‌ كرابوو، كه‌ ئه‌وه‌ی بۆچوونی له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم نه‌بێت خائینه‌ و ئه‌كه‌وێته‌ به‌ر هێرشی خه‌ڵك پێش هێرشی ده‌سه‌ڵات.

5- حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن جۆرێك له‌ فۆبیایان هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا ئیعلامی وموئه‌سه‌ساتییه‌كه‌ی، له‌م خاڵه‌شدا ناهه‌قیان ناگيری، چونكه‌ مه‌نزوومه‌ی موئه‌سه‌ساتی له‌ هه‌موو دونیا ئه‌توانێ كۆمه‌ڵێك شت كه‌ خۆی باوه‌ڕی پێی هه‌یه‌، بكات به (حقائق و مسلمات) كه‌ هیچ قابلی گفتوگۆ نین، واتا ئه‌وه‌ی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بكات له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك ئه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و حقائقانه‌ قسه‌ بكات، به‌ واتایەکی تر بۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر (فروع) قسه‌ بكات، نه‌وه‌ك له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌.هه‌رچی نه‌وه‌ی نوێیه‌ هیچ لایه‌نێك ناتوانێت مه‌رجی پێوه‌خته‌ی له‌سه‌ر دابنێت، بۆیه‌ ئه‌بینیت قسه‌ له‌ هه‌موو بابه‌تێك ئه‌كات جا بابه‌ته‌كه‌ حقائق بێت وه‌ك ڕیفراندۆم یان فروع بێت وه‌ك دابه‌شكردنی ئاو بێت به‌سه‌ر ماڵان.

6- خاڵی شه‌شه‌م كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستان، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی كورستان به‌ ده‌ست بێنن ناتوانن ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، چونكه‌ وڵاتانی زلهێز وئیقلیمی ڕێیان پێناده‌ن، بۆ نموونه‌ وڵاتی ئێران حیزبێكی عیلمانی كه‌ ئینتمای بۆ ئێران هه‌بێت پێی باشتره‌ له‌ حیزبێكی ئیسلامی سوننه‌ مه‌زهه‌ب، هه‌روه‌ها وڵاتی توركیا هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی ته‌وه‌جهێكی ئیخوانی هه‌یه‌ ناتوانێ پیشتیوانی خۆی بۆ حیزبێكی ئیسلامی دەربخات له‌ ناوچه‌كه‌، نموونه‌ی میسر و ئیخوان موسلمین له‌و وڵاته‌ پاش ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كورسی په‌رله‌مانیان بەدەستهێنا و حكومه‌تیان پێكهێنا، بەڵام حكومڕانییەکەیان ساڵێكی نه‌خایه‌ند سه‌رۆكه‌كه‌شیان له‌ سێداره‌دا، باشترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونە.

7- حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیون - جگه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ - ئیره‌یی به‌ یه‌كتری ئه‌به‌ن، واتا ڕوون نییه‌ ئه‌گه‌ریه‌كێك له‌ حیزبه‌كانی ئۆپۆوسیۆن زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان به‌ ده‌ست بێنێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست، هه‌رچی نه‌وه‌ی نوێیه‌ ئاماده‌یه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیون بكات، ئه‌گه‌ر له‌ خوشه‌ویستیشی نه‌بێت بۆ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌ خۆشی ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی بۆ گۆرینی حكومڕانی له‌ كورستان ئاماده‌یه‌ سازش بۆ هه‌ر حیزبێكی تر - جگه‌ له‌ حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات - بكات.

گەلەری