سەردێڕ:

شکستی ھەرێمی کوردستان لەدیدگای ھزری سیاسی کۆنی چینیەکان و فەلسەفەی کۆنفوشیوس

PM:04:43:27/05/2023
5844 جار خوێندراوەتەوە
بڵند دلێر شاوەیس
+ -

بڵند دلێر شاوەیس

گەر چاوێک بە ھزری سیاسی کۆنی (چین)یەکاندا بخشێنینەوە تێبینی دەکەین فەیلەسوفی مەزن (کۆنفوشیوس ٥٥١ پ.ز) لە کتێبی (التعلیم الاکبر) ھۆکاری سەرەکی جەنگەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ گەندەڵی لە حوکمڕانیدا ، لە کتێبی (عقیدة الوسط) باس لەوە دەکات پێویستە کاروباری حوکمڕانی بسپێردرێت بە کەسانی دروست وچاکەکار ئەویش کاتێک ڕوودەدات کە دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا ڕەشید بێت.

بە بڕوای کۆنفوشیوس حکومەت سێ ئەرکی ھەیە ئەرکی یەکەمی دابینکردنی پێویستیەکان و دابەشکردنی سامانە بەشێوەیەکی فراوان بەسەر خەڵکدا و ئاماژەش بەوە دەکات دەست بەسەرداگرتنی سامان دەبێتە ھۆی پەرتەوازە بوونی گەل ولەبەرامبەردا دابەشکردنی سامان ڕێگاچارەیە بۆ یەکخستنەوەی گەل ، ئەرکی دووەمی حکومەت بریتییە لەوەی کە سزاکان دادپەروەرانە بێت و توند و تیژ نەبێت ، ئەرکی سێیەمی حکومەت خۆی دەبینێتەوە لە بڵاوکردنەوەی خوێندن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ھاوڵاتیان.

ساڵانێکی زۆر چینییەکان سەرقاڵی دروستکردنی شورای چینی مەزن بوون بەو بڕوایەی دەیانپارێزێت لە ھێرشی داگیرکەر، بەڵام لە سەد ساڵی یەکەمی دوای تەواوبوونی شوراکە وڵاتی چین ڕووبەڕوی سێ داگیرکاری بووەوە ، لە ھیچ کاتێکیاندا سوپای داگیرکەر لە ڕێگای ھێرش و ھەڵگەڕان بەسەر شوراکەدا نەچونە ناو خاکی چینەوە ، لەھەموو کەڕەتەکاندا لەڕێگای بەرتیلدان بە پاسەوانی شوراکە لەڕێگای دەروازەی شوراکەوە دەھاتنە ناو خاکی چینەوە ، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە چینيەکان سەرقاڵی دروستکردنی شورا و بەرزکردنەوەی بوون و لە بیریانکرد پاسەوانێک بوونیاد بنێن بۆ پارێزگاری لە شوراکە وکەمتەرخەم بوون لەوەی مرۆڤەکان پەروەردەبکەن لەسەر بنەمای نیشتمان پەروەری و ئینتیما بۆ خاک.

ئەگەر لەھەرێمی کوردستانیش لەجیاتی بەرزکردنەوەی باڵەخانە و بونیادنانی كۆشک وتەلار گرنگی بە پەروەردە و بونیادنانی تاک بدرایە لەسەر بنەمای نیشتمان پەروەری ، داھاتی وڵات دادپەروەرانە دابەش بکرایە ، کەسی شیاو لەشوێنی شیاو بووایە ، چاکسازی ئەنجام بدرایە و دیاردەی گەندەڵی دژایەتی بکرایە بە ئامانجی کەمکردنەوەی بۆ حاڵەت نەک ھەڵکشانی و بوونی بە کلتور، بێگومان لەبری ئەوەی خەڵک پێی خۆشبێت نەوت ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە لەسەر ھەموو قەترەیەکی خۆیدەدا بەکوشت.

گەلەری