ئایا مووچەکانمان کەم دەکات؟
PM:06:57:28/08/2026
224 جار خوێندراوەتەوە
گوڵاڵە سدیق
+
-
پڕۆژە یاسای نوێی ڕێکخستنەوەی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران لە پەرلەمانی عێراق (هەموارکردن یان جێگرتنەوەی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٨ گۆڕاو بۆ بڕیاری ژمارە ٣٦٦ و ٤٠٠ ساڵی ٢٠١٥ ئەنجومەنی وەزیران) بە ئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازیی گەورەی نێوان وەزارەتەکان و دروستکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی داڕێژراوە.
شێوازی داڕشتنی پڕۆژە یاساکە
پڕۆژە یاساکە پشتی بە چەند بنەمایەکی سەرەکی بەستوە بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەکان:
- موچەی بنەڕەتی:
بەرزکردنەوەی موچەی پلە نزمەکان (پلە ١٠ بۆ پلە ٥) بەشێوەیەک کەمترین موچەی بنەڕەتی لە ٤٠٠ هەزار دینارەوە دەست پێبکات، بەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی خانەنشینیی ئەو پلەیانەش بەرز بێتەوە. وە دیاریکردنی سەقف بۆ موچەی بنەڕەتی پلە بەرزەکان، دانانی سەقفی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار وەک بەرزترین موچەی بنەڕەتی بۆ پلە تایبەت.
- دەستکاری دەرماڵەکان: کەمکردنەوەی دەرماڵەی بڕوانامە و کەمکردنەوە یان یەکخستنی دەرماڵە بەرزەکان (وەک دەرماڵەی جێبەجێکردن و دەرماڵەی مەترسی لە هەندێک وەزارەت) و دابەشکردنەوەیان بەسەر فەرمانبەرانی پلە نزمدا. وە دانانی ڕێژەی سەدی بۆ دەرماڵەی هاوسەر و مناڵ و شوێنی کار.
ئایا موچەی تەواوەتی (کۆی گشتی) کەم دەکاتەوە؟
سەبارەت بەوەی ئایا کەمکردنەوەی دەرماڵەی بڕوانامە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی موچەی وەرگیراو (کۆی گشتی مووچە)، وەڵامەکەی بەپێی پلەی وەزیفی و شوێنی کارکردن دەگۆڕێت:
- پلە ١٠ بۆ ٦ موچەیان زیاد دەکات.
- پلە ٥ و ٤ موچەیان وەک خۆی دەمێنێتەوە یان کەمێک زیاد دەکات.
- سەبارەت بە فەرمانبەرانی پلە ( ۱، ۲، ۳ )
کاریگەریی پڕۆژەی نوێی ڕێکخستنەوەی موچە بە شێوەیەکی گشتی بەرەو کەمبونەوەی موچەی تەواوەتی (کۆی گشتی) یان نەبونی هیچ زیادبوونێکی ئەم پلەیانە دەڕوات، بهڵام ئاستی کەمبونەوەکە بەپێی شوێنی کارکردنی فەرمانبەرەکە و بەرزیی دەرماڵەکانی پێشتری دەگۆڕێت:
- ئەگەر فەرمانبەری پلە ۱، ۲، ۳ لەو وەزارەتانە بێت کە پێشتر دەرماڵەی بەرزی (مەترسی، تایبەت، یان جێبەجێکردن)یان وەردەگرت (وەک وەزارەتی نەوت، سێ سەرۆکایەتیەکە، چاودێری دارایی، وەبەرهێنان، یان دەستە سەربەخۆکان)، کۆی موچەکەیان کەم دەبێتەوە. چونکە لە پڕۆژەیاساکەدا سەقفی دەرماڵەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە بۆ ئەوەی ڕێژەی دەرماڵەی هەموو وەزارەتەکان یەکبخرێت.
- پلە ۱ و پلە ۲ لە وەزارەتە ئاساییەکان (وەک پەروەردە و تەندروستی):
لەبەر ئەوەی موچەی بنەڕەتی ئەم پلەیانە لە سیستەمی کۆندا خۆی بەرز بووە (پلە یەک/ لە ۱ ملیۆن دینار زیاترە)، هەر زیادبونێک بۆ موچەی بنەڕەتی دیاری دەکرێت لەم پلەیانە زۆر ڕونادات . بەرامبەر بەمە، کەمکردنەوەی دەرماڵەی بڕوانامە (بۆ نموونە کەمبونەوەی دەرماڵەی ماستەر یان دکتۆرا یان بەکالۆریۆس) دەبێتە هۆی ئەوەی کۆی داهاتی مانگانەی ئەم فەرمانبەرانە یان کەمێک کەم بێتەوە یان وەک خۆی بمێنێتەوە.
- پلەی ۳ (پلەی ناوەند/بەرز):
فەرمانبەرانی پلە ۳ زیاترین کاریگەریی کەمبونەوەی دەرماڵەی بڕوانامەیان بەردەکەوێت ئەگەر لە شوێنێک بن کە دەرماڵەی دیکەیان نەبێت، چونکە بەرزبوونەوەی مووچەی بنەڕەتی بەپێی پڕۆژە نوێیەکە زیاتر تەرخانکراوە بۆ پلەکانی (۱۰ تا ٦)، بۆیە زیادبوونی مووچەی بنەڕەتییان بەس نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی دەرماڵەکانیان.
تێبینی/ هەموو ئەم شیکردنەوەی سەرەوە پاش گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە هەژمارکراوە.