وتاری زەمەنێكی نابووت
PM:01:58:23/07/2025
4440 جار خوێندراوەتەوە
رەحمان غەریب
+
-
مۆتەكەی خەوێك
بوو، یان راستی؟ ئاوا پارەپەرستی و هەوڵ بۆ فراوانكردنی دەسەڵات، جێگە بە نیشتمان
پەروەری و "كوردایەتی" لێژكرد و كوردستانی جنوبی كردە ناوچەی قەڵەمڕەوی
پدك و ینك، شوناسی نیشتمانی بۆ زۆنی سەوز و زەرد دابەشكرد.
ئیدی دوای
نیشتمان: بەهۆی تەماحی فراوانكردنی قاچاخچێتی و بەهێزكردنی مافیاكانی گەندەڵی،
نۆرە هاتە سەر تیپی دووگۆڵی و گروپی موزیك، میدیا، رۆشنبیران و كۆمەڵی مەدەنی و
سەندیكا و تا دەگاتە لەوەڕگا و نووسەر و گۆرانیبێژی میللی، بەشی هەرە زۆریان رەنگ
كران.
بەشێك لە
گوتاری میدیایی پارتی و یەكێتی، هەر ئەو ئاوازەیە، نازانن یاری بە ئاگردەكەن،
ناشزانن یاری بە ئاگر وەك یاری كردن نییە بە ئاو، بە كورتی: (نازانن كە نازانن)،
خزمەت بە دابەشبوون، برەودان بە گوتاری رق و كینە دەدەن.
حزبەكانی
هەرێمی كوردستان، لە ململانێی سیاسیاندا، بە دەسەڵات و نەیار و بەرهەڵستكاریانەوە،
مافی خۆیانە هەموو شێوازەكانی خەبات هەڵبژێرن، لە رێی میدیاوە بێت یان هونەر،
سواری سەری شیعر و موزیك بن یان نوسەرو رۆشنبیران بكەنە پردی گەیاندنی گوتاری
سیاسی.
ئەوان مافی
خۆیانە لە سەنگەری ئۆپۆزسیۆن بن، دروشمی روخاندنی سیستمی سیاسی هەڵبژێرن، یان
لەناو دەسەڵاتیشدا بن و خەریكی هەڵتەكاندنی كەشتیە هاوبەشەكەیان بن تا سنوری نوقوم
بوون و چوونە ناو دەمی نەهەنگەكە، بێگومان ئازادن.
ئەگەر جەنگی
میدیایە، خۆ جەنگیش ئەخلاقێكی تیایە و هەندێ پرەنسیپی تیایە، خەڵكی بەدبەخت
دەپارێزێت، لانی كەم ئێوە وابكەن ئەم رەشو ڕووتە نەخەنە ناو دەمی نەهەنگی گوتاری رق
و هەڵوەشانەوەی ئەوەی ماوە لە هاوسۆزی و خۆشەویستی رۆحی بەیەكەوە هەڵكردنی نێوان
ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
كە هونەری شیعر
و موزیك دەخەیتە خزمەتی هەڵمەتێك بۆ ناشیرین كردنی گەڕەكی شارێكی كوردستان، بێ
گوێدانە هەستی دانیشتوانەكەی، یان ئامرازێك بۆ دابەشبوون و شارچێتی و سوكایەتی
كردن، ئەوە تەنها هونەری شیعر و موزیك نین كە بە زۆرداری لە پەیامەكەی دادەبڕێت،
بەڵكو ئەوە گوتاری سیاسییە ئەوەندە سوك دەكرێت، بە شیعر و موزیكیشەوە، هەر نەشازە
و میزاجی كوردەواری تێكدەدات.
جیاوازی سیاسی
و گوتاری میدیایی بە شێوەیەك گوزارشتی لێ بكرێت، كە بێڕێزی بە پێكهاتەیەكی
كۆمەڵایەتی، ناوچەیەك، یان ئاین و ئاینزایەك بكات، بزانی یان نەزانی، نە خزمەت بە
میدیا و نە بە سیاسەت ناكات و لەگەڵ بەهای ئازادی رادەربڕینیشدا یەك ناگرنەوە، بە
"كابولكردنی" گەرەكی شارێك، یان وەسفكردنی خەڵكی شارێك بە "میوانی
رەزا قورس"، زادەی گوتاری زەمەنێكی نابووتە ناومان نابوو شەڕی ناوخۆ.
كێبڕكێ لەسەر
گوتاری ڕق و كینە و سوكایەتی بەرانبەر ناسنامەی نەتەوەیەك، سونبولی ناوچەیەك، یان
هەڵگرانی ئاین و ئاینزا و تەریقەتێكی ئاینی، یان بەرانبەر هەر مرۆڤێك بەهۆی رەگەز،
رەنگ یان رەچەڵەك، ئەوا خلیسكانە بۆ زەلكاوی مایەپوچ بوونی سیاسی و هەڵكێشانی
سپۆنسەرەكەتە لە قوڕولیتەی ئیحراج بوون و "وامزانی رادیۆ بوو"ە.