پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لەمەودوا هەموو ئەوانەى سەرپێچى لەیاسا و رێنماییەکانى هاتوچۆ دەکەن، توندترین رێکارى یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر. دەشڵێت، "هەموو ئوتۆمبێلێەکانى حکومى، پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانیش دەگرێتەوە".
ئەمڕۆ سێشەمە، پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی هێمن قادر جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحمید، قائیمقامی ناوەند و دیدار عومەر قادر، بەڕێوەبەرى پۆلیسى هاتوچۆى هەولێر و عەمید خالید، بەرێوەبەرى کاروبارى ناوخۆ و ژمارەیەک لەئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکیان سازکرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئامانج
لە کۆبوونەوەکە رێگریکردن بووە لە سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان لە رێنمایی و یاساکانى
هاتوچۆ.
هەر بەگوێرەی
رگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتوچۆی
ناو شاری هەولێر بەشێوەیەکی گشتی کرا و تیشک خرایە ئەو سەرپێچى و زێدەڕۆییانەى کە
لەلایەن شۆفێرانەوە ئەنجامدەدرێت و دەبنە هۆى رووداوى نەخوازراو کارەساتى لێدەکەوێتەوە.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی
خستووەتەڕوو، لەوبارەیەشەوە بڕیار لەبارەی دەستپێکردنى هەڵمەتێکى بەردەوام درا لە رێگەى
تیمەکانى پۆلیسى هاتوچۆى هەولێر لەسەرجەم شەقام و شوێنەکانى سنورى پارێزگاى هەولێر
بۆ گرتنە بەری رێوشووێن لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەى لە نێو ئۆتۆمبێل مۆبایل بەکاردەهێنن،
یان بەسەرخۆشى و بە ژمارەى ساختە ئۆتۆمبێل لێدەخۆڕن.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، دەست
بەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەشدا بگیرێت کە دەستکارى گزۆزى ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماتۆڕسکیلیان
کردووە و ئەوانەشى کە دوکەڵى رەش و ژەهراوى دەردەکەن، ئەوە جگە لە گرتنەبەرى رێکارى
یاسایی و تۆمارکردنى سکاڵایی یاسایی بەرامبەر ئەوکەسانەى کە گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان لەکاتى
لێخورین دەگرن و لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان و سۆشیال میدیا بڵاوى دەکەنەوە.
هەر بەگوێرەی
راگەیانراوەکە، پارێزگارى هەولێر بڕیاریدا قائیمقامیەت و لیژنەکانیان سەرجەم ئەو
شوێنانەى جوانکاری ئۆتۆمبێل کە (نەشرە، ژمارەى ساختە، جام رەش) دەکەن و سەرپێچى لەیاسا
و رێنماییەکانى هاتوچۆ ئەنجامدەدەن، توندترین رێکارى یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.
هەروەها بڕیاریدا، رێکارى پێویست لەبەرامبەر هەموو
ئەو شۆفێرانەش بگیرێتەبەر کە دەبنە هۆى تێکدانى خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەک (ترافیک،
ستونى کارەبا، گادرێل، سەوزاى و دارى جوانکارى نێو شەقامەکان). سەرجەم ئەو بڕیار و
رێوشوێنانە، هەموو ئوتۆمبێلێەکانى حکومى، پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانیش دەگرێتەوە.
بۆئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر هەموو پاڵپشتیەکى خۆى بۆ بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى
هەولێر نیشاندا لەبەرامبەر جێبەجیکردنى بریارەکان و گرتنەبەرى رێکارەکان.