زیاتر لە هەفتەیەکە بەهۆی مانگرتنی ژینگە پارێزانەوە خاشاکێکی زۆر لە شاری سلێمانی کۆبووەتەوە و دیمەنی شارەکەی بە تەواوی گۆڕیوە. هاوڵاتییانیش دەڵێن، هیچ لایەنێک نەهاتووە بەدەم کۆکردنەوەی خاشاکەکانیان و خۆیان خۆڵی ماڵەکانیان دەڕێژن.
لەدوای خەرجنەکردنی دەرماڵە و شایستەداراییەکانیانەوە هەر سێ کۆمپانیانی پاککردنەوەی (شکار، هەرێم، خالید شینکی) بایکۆتی کارکردنیان کرد و ئەمەش بووە هۆی کەڵکەبوونی خۆڵێکی زۆر لەناو شەقام و بازاڕەکانی شاری سلێمانیدا.
لەم بارەیەوە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، پێشتر رۆژنە
ژینگەپارێزان خۆڵی ماڵەکانیان کۆدەکردەوە، بەڵام ئێستا هاوڵاتییان خۆیان خۆڵەکانی
خۆیان لە زبڵدانی گەورەی سەر شەقامەکان دەڕێژن.
ئاماژەیان بەوەشدا، هیچ لایەنێکی بەرپرس نەهاتووە بەدەم پاککردنەوە و
رشتنی خۆڵی گەرەکەکانیان. دەشڵێن، جگە لە ئێن ئاڕ تی هیچکام لە میدیاکان کێشەکەیان
رووماڵ نەکردووە و دیمەنەکانییان نەگواستووەتەوە.
هاوکات پیسبوونی زۆری شاری سلێمانی لە تۆڕە کۆمەڵیەتیەکانیش کاردانەوەی زۆری
لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە هاوڵاتییان باس لەوەدەکەن "سلێمانی لە شاری
پایتەختی رۆشنبیرییەوە گۆڕاوە بۆ شاری زبڵ."
لایخۆشیەوە، نەورۆز عوسمان بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشیە گواستراوەکانی تەندروستی
سلێمانی پێشتر بە دیجیتاڵ میدیا ئێن ئاڕ تی
راگەیاندبوو، لە ئەگەری بەردەوامی بایکۆتی کۆمپانیاکانی پاکەرەوە و مانەوەی زبڵ و
خاشاک لە بازاڕ و شەقامەکاندا، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار و گوازراوە هەیە.
وتیشی، مانەوەی خۆڵ و خاشاک لە شەقام و کۆڵانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر، دەبنە
مۆڵگەیەک و شوێنێک بۆ گەشەسەندن و کۆبوونەوەی میکرۆب و بەکتریا زیانبەخشەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوە و توشبوون بە نەخۆشییەکانی
کۆئەندامی هەرس و سکچوون و نەخۆشیەکانی پێست و هەستیاری کۆئەندامی هەناسەدان، کە ئەو
نەخۆشیانە بۆ سەرجەم تەمەنەکان مەترسیدارن و ئەگەری گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە،
بەتایبەت لە منداڵاندا.
ئەو پزیشکە باسی لەوەش کرد، بەهیچ شێوەیەک نابێت زبڵ و خاشاک لە نزیک شوێنی
نیشەجێبوونی هاوڵاتییان هەبێت. چونکە بەهۆی مێش و مەگەزەوە زیاتر بەکتریا و میکرۆبەکان
بڵاودەبنەوە بەوەش ماددە خۆراکیەکان و سەوزە و میوەی بازاڕ و مارکێتەکان پیس دەبێت.