سەردێڕ:

بەهای رۆبڵ دابەزی و نەوت و زێڕ بەرزبوونەوە

AM:09:04:28/02/2022

8148 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی روسیا لە سیستمی ئاڵوگۆڕی دراوی جیهانی "سویفت" کرایە دەرەوە رۆبڵی روسی ٣٠٪ بەهاکەی لەدەستدا. هەروەها لەبەرامبەردا نەوت بەرێژەی ٥٪ و زێڕیش بەڕێژەی ١.٤٪ نرخەکانیان بەرزبووەوە.


ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دوای سپەناندنی سزا ئابوری و بازرگانی و داراییەکان بەسە روسیادا و دەرکردنی ئەو وڵاتە لە سیسمتی ئاڵوگۆڕی دراوی جیهانی "سویفت"، دراوی فەرمی روسیا "رۆبڵ" بەڕێژەی ٣٠٪ بەهاکەی لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا نرخی یەک دۆلار بە ١١٤.٣٣ رۆبڵ لەبازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هەروەها، ئەمڕۆ نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا و لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن جارێکی دیکە بەرزبووەوە و ١٠٣ دۆلاری تێپەڕاند و بۆ ماوەیەکیش گەیشتە ١٠٥ دۆلار و بەمەش بەڕێژەی ٥٪ بەهاکەی بەرزبووەوە.

هەفتەی رابردووش لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ ١٠٥ دۆلار بەرزبووەوە. لە رۆژی هەینی رابردوودا بەڕێژەی ١٪ بەهاکەی دابەزییەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆکاری راگەیاندنی روسیا لەبارەی ئامادەکردنی سیستمی بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەتۆمی و سەکۆی موشەکە ئەتۆمییەکانی نرخی زێڕیش هاوشێوەی نەوت بەرزبووە و لەمڕۆدا لەبازاڕەکانی جیهاندا نرخی یەک ئۆنسە زێر گەیشتە هەزار دۆلار و ٩١٤ سەنت و بەمەش بەهاکەی بەڕێژەی ١.٤٪ بەرزبووەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی خۆرئاوا روسیایان لە سیستمی ئاڵوگۆڕی دراوی جیهانی ناوسراو بە "سویفت" کردەدەرەوە و بەمەش رۆبڵی روسی بەهاکەی لەدەستدا. هاوکات، لەگەڵ راگەیاندنی خستنە ئامادەباشی سیستمی بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەتۆمی و سەکۆی موشەکە ئەتۆمییەکانی روسیا لەلایەن ئەو وڵاتەوە، نرخی نەوت و زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.

لەبەرامبەردا، وڵاتانی کۆمەڵەی جی ٧ ، ئەمریکا و کەنەدا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و بەریتانیا هۆشدارییاندایە روسیا ئەگەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا رانگەرێت ئەوا رێشوینی توندتر دەگرنە بەر و سزای زیاتر دەسەپێنن بەسەریدا.

پێشتریش، سزایان بەسەر هەریەک لە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و هەردوو گەورە کۆمپانیای رۆستنەفت و گازپڕۆمی روسیادا سەپاند.













گەلەری