سەردێڕ:

ئاگر لە دارستانەکانی یۆنان کەوتەوە و ژمارەیەک گوند چۆڵکران

AM:09:36:01/08/2021

9328 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاند، ئاگرێکی گەورە لە خۆرئاوای وڵات کەوتووەتەوە و دەستەی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیسی پاراستنی کەناراوەکانی ناچار کردووە چوار گوند و کەناراوی دەریا چۆڵبکەن.


ئەمڕۆ شەممە، میخالیس خریسۆ شویدیس وەزیری پاراستنی نیشتیمانی یۆنان رایگەیاند، ئاگرەکە لە یەکێک لە دارستانەکانی ناوچە شاخاوییەکان بە دوری لە ٣٠ کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی شاری باتراس، سێیەمین گەورە شاری ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە هۆی بەهێزی باوە ئاگرەکە پەرەی سەندووە و بە قەدپاڵەکاندا هاتووتە خوارەوە و بۆتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەکە.

وەزیری پاراستنی نیشتیمانی یۆنان ئەوەشی خستەڕوو، ٢٩٠ لە پیاوانی ئاگرکوژێنەوە و هەشت فڕۆکە و حەوت هەلیکۆپتەر و بەلەمەکانی سەر بە تیمی هێزە خزمەت گوزارییەکانی کوژاندنەوەی ئاگر سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەبوون و بەشدارییان کردووە لە یارمەتیدانی خەڵکی گوندەکان و ئەو کەسانەی لە کەناراوەکان بوون تا ناوچەکە چۆڵبکەن.

تیمی ئاگرکوژێنەوەی یۆنانی ئاماژەی بەوەدا، ئاگرەکە زۆر گەورەبوو، لەگەل ئەوەی هێزی باکە کەمبووەتەوە بەڵام ئاگرەکە هەر تەشەنەی سەندووە.

بەهۆی ئاگرەکەوە رێگەی سەرەکی و خێرای نێوان ئەسینای پایتەخت و باتراس و پردی ریۆئەنتیریۆ کە دوو هەزار و ٩٠٠ کیلۆمەترە داخراون.

پێشبینیدەکرێت لە دوو شەممەی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە یۆنان بەرزترین ئاست تۆمار بکات و بگاتە نێوان ٤٢ بۆ ٤٦ پلەی سیلیزی.

شارەزایانی بواری کەشناسی دەڵێن، تا رۆژی هەینی داهاتوو لەسەر تاسەری یۆناندا پلەکانی گەرمی دەگەنە ٤٠ پلەی سیلیزی یان زیاتر.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی گۆڕینی کەش و هەوای بەرگەزەوی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە جیهاندا لە چەندین ناوچەی جیاجیای جیهان ئاگرکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە دارستانەکان و زەوی و زار و کشتوکاڵی جوتیاران کەوتووە لە دیارترینیان کەوتنەوەی ئاگرە لە هەریەک لە روسیا و تورکیا و لوبنان.

پێشتر،لیژنەی نێودەوڵەتی نەتەوەیەکگرتەوەکان لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا (IPCC) کۆبوونەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کەش و هەوا سەختتر دەبێت، بەو پێیە پلەکانی گەرما بەرزتردەبنەوە و ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لافاوەکان زیاتر دەبن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم گۆڕانکاریانە پەیوەندییان بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هەیە لە جەمسەری باکور یان باکوری گۆی زەویدا.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئەلجەزیرە بڵاویکردەوە، نزیکەی ١٤ هەزار زانا واژۆیان لەسەر دەستپێشخەرییەک کردووە کە تیایدا

هۆشدارییانداوە لەسەر دۆخی نائاسایی و کتوپڕی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سەرتاسەری جیهاندا.

بەگوێرەی دەستپێشخەرییەکە، زاناکان دۆخی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایان بە "چەوساندنەوی زەوی" ناو بردووە.

لە دەستپێشخەرییەکەیاندا، داوای کاری بەپەلەیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی لەناکاوی کەشوهەوا، ئاماژەیان بەوەشداوە، گۆڕانکری لە پلەکانی گەرمادا نیشانەکانی دەرکەوتوون و هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٩ چەند کارەساتێکی کەشوهەوای بێ وێنە، لەوانە لافاو لە ئەمریکای باشور و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا، شەپۆلی گەرمی و گڕگرتنی دارستانی ئوسترالیا و ئەمریکا و گەردەلولی وێرانکەر لە ئەفریقا و باشوری ئاسیادا تێبینی کراون.













گەلەری