سەردێڕ:

وردەکاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی

PM:01:50:05/01/2022

6828 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی چاوگێکی ئاگادار لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی لەسلێمانی، پارتی ڕازی بووە پرسی دەستور دوابخریت بۆ دوای هەڵبژاردن و یەکێتیش دەستبەرداری داواکاری هەمواری یاسای هەڵژاردن بووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە.

بەپێی چاوگێکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە، پارتی ڕازی بووە پرسی دەستور دوابخریت بۆ دوای هەڵبژاردن و یەکێتیش دەستبەرداری داواکاری هەمواری یاسای هەڵبژاردن بووە، بۆدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

کەهەردوولایان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کۆتایی مانگی ئەیلوول یان سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامبدرێت.

بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیش بەپێی زانیاری چاوگەکەی ئێن ئاڕ تی، بۆچوونیان نزیکە و چەند خاڵێکی هاوبەش لەنێوانیاندا باسکراوە و لیژنەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی هەردوولا بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات.

ئەوەش لە کاتکدایە، بڕیارە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەم مانگەدا کۆتا کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکاندا بکات و کۆمسیۆنیش بەر لە هاتنی مانگی شوبات کارابکرێتەوە.

چاوگەکەی ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر پێکهاتەی کۆمسیۆنیش هەردوولا بەنیازن پێشنیازێکی هاوبەش بخەنە بەردەم لایەنەکان، بەتایبەت هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان؛ بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیونەکاندا وەڵام بدەنەوە و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بڕیار لەسەر دانانی کاتی بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی بدات بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن.

ئەمڕۆش پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و دواتریش لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.













گەلەری