سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرلین لەگەڵ سەرۆک و راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و بەشداریی کۆمپانیا ئەڵمانییەکانی لە پڕۆژەکانی گەشەپێداندا تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەرلین لەگەڵ فرانک ڤالتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا و فریدریش مێرتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە، هەردوولا جەختیان لەسەر کرانەوەی ئابووریی عێراق بەرامبەر بە ئەڵمانیا و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و کارەبا و خێراکردنی گۆڕینی عێراق بۆ رێڕەوێکی ئابووری لە رێگەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرایەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتەکەی
بەردەوامە لە ئاڕاستەی کرانەوەی ئابووری بەرامبەر ئەڵمانیا و وڵاتانی یەکێتیی
ئەوروپا، ئەمەش لە رێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو،
بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و بەگەڕخستنی پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی
گەشەپێدان، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە پردێکی ئابووری لە نێوان بازاڕەکانی ئاسیا و
ئەوروپادا.
هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی
ناوچەکە کردەوە بۆ رەخساندنی زەمینەی زیاتری هاوبەشیی ئابووری.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرلین، دوای
تەواوبوونی سەردانە فەرمییەکەی دەهێت بۆ فەرەنسا، کە تێیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن
کۆبووەوە و شەش یاداشتی لێکتێگەیشتن و راگەیەندراوی لە بواری بەرگری و ژیریی
دەستکرد و گەنجان و توێژینەوە و داهێنان، گەشەپێدان و وزە و فڕۆکەوانیی مەدەنیدا واژۆ
کرد.