سەردێڕ:

بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ: کەرتی تەندروستی لەبەردەم هەرەسدایە

PM:05:33:15/09/2026

460 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ هۆشدارییەکی توند لەبارەی رەوشی تەندروستیی شارەکە دەدات و دەڵێت، کەرتی تەندروستی بەهۆی کەموکوڕیی کوشندەوە لەبەردەم هەرەسدایە.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، د. نوورەدین جەلال بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانکەکاندا، کۆمپانیاکان دەرمان و پێداویستیی تاقیگە و نەشتەرگەرییان پێ نادەنەوە و نەخۆشەکان خۆیان کەرەستەکان دەکڕن. لەگەڵ مەترسیی وەستانی ئەمبووڵانسەکان بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزی بەنزینخانەکان و دانەنانی پزیشکی پسپۆڕ لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا.

سەبارەت بە ئامێر و بەشە تەندروستییەکان، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ وتی، یەکێک لە کێشەیە گەورەکانیان نەبوونی ئامێری سیتی سکانە، کە رۆژانە لەنێوان ١٠ نەخۆشدا کە رەوانەی سلێمانی دەکرێن، پێنج نەخۆشیان پێویستیان پێیەتی، هەروەها ئامێری سی ئاڕم و بەشی چاودێریی چڕیش لەبەردەستدا نین.

جگە لەوانەش، بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە گرفتی جیدیی سووتەمەنییان بۆ دروست بووە و مانگانە بڕێکی زۆر قەرزداری بەنزینخانەکان دەبن، کە مەترسیی ئەوەی لێدەکەوێتەوە لە مانگەکانی داهاتوودا بەهۆی قەرزدارییەوە بەنزین بە ئەمبووڵانسەکانیان نەدرێت. بەڕێوەبەری تەندروستی باسی لەوەش کرد کە زیاتر لە سێ ساڵە هیچ پزیشکێکی پسپۆڕیان بۆ دانەنراوە و کەمبوونی کارمەند و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان، کەرتی تەندروستیی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەکی جیدییەوە.













گەلەری