سەردێڕ:

بافڵ تاڵەبانی بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە تاران

PM:10:07:14/09/2026

1084 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانی تاران دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی سێشەممە بافڵ تاڵەبانی لەسەر بانگهێشتی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی تاران دەکات، لە سەردانەکەشدا لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە.

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، دیاریکردنی ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەردەوامیی کۆبوونەوە و راوێژکارییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تاران و لایەنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دێت.

روونیشی کردەوە، بافڵ تاڵەبانی لە میانی سەردانەکەیدا زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا ساز دەکات، لەوانەش سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوە.

سەبارەت بە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش، بەقایی جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکان تیشک دەخەنەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر کۆمەڵێک پرسی جێی بایەخی هاوبەشی دەکرێت، کە گرنگترینیان هاوکاری لە کەرتی ئابووری و دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان هەردوولایە.













گەلەری