سەردێڕ:

هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی کەرەستەی بیناسازی لە هەرێم ئاشکرا کران

PM:09:54:14/09/2026

1284 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی چیمەنتۆ و شیش و بلۆکی لە بازاڕەکاندا راگەیاند و سێ هۆکاری سەرەکیی تێچوو و ئاڵۆزییەکان لەپشت ئەو گرانبوونەوە ئاشکرا دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، پشتیوان حەمەسەعید بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، نرخی هەندێک لە کەرەستەکانی بیناسازی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵگرتنی پاڵپشتی لەسەر کارگەکان، وە بەرزبوونەوەی تێچووی کارەبا و کرێی گواستنەوەوە دروست بووە.

پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان روونی کردەوە، نرخی تۆنێک چیمەنتۆ ٤٠ هەزار دینار (بە ڕێژەی ٨٠٪)، تۆنێک شیش لە ٥٢٠ دۆلارەوە بۆ ٥٥٥ دۆلار و هەزار بلۆک ١٠٠ هەزار دینار گران بوون،

سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم گرانبوونە، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان ئاماژەی بە سێ هۆکاری سەرەکی کرد، کە بریتین لە، هەڵگرتنی پاڵپشتییەکان لەسەر کارگەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، وە بەرزبوونەوەی تێچووی کارەبا لەسەر کارگەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، هەروەها گرانیی کرێی گواستنەوە بەهۆی ئاڵۆزی و گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا و کاریگەرییان لەسەر ڕێگە بازرگانییەکان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی، لە هەرێم حەوت مۆڵەتی کارگەی گەورەی چیمەنتۆ هەن (شەشیان سەر بە دەستەی وەبەرهێنان و یەکێکیان سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی)، کە ساڵانە ١٩ ملیۆن تۆن بەرهەمیان هەیە و ٧٥٪ـی چیمەنتۆی هەرێم بۆ بازاڕەکانی دیکەی عێراق دەنێردرێت، وتیشی، لە تەواوی عێراقدا ٢٣ کارگەی حکومی و کەرتی تایبەت بوونیان هەیە، کە تێکڕای بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە ٢٦ ملیۆن تۆن.













گەلەری