سەردێڕ:

هاتووچۆی هەولێر راگرتنی ئۆتۆمبێل لە نۆرەی بەنزینخانەکاندا بە شەو قەدەغە دەکات

PM:09:28:14/09/2026

864 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر جەخت لە قەدەغەکردنی راگرتنی ئۆتۆمبێل شەوانە و رۆژێک پێشتر لە نۆرەی بەنزینخانەکاندا دەکاتەوە و هۆشداری دەداتە شۆفێران لە راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان لە دەوروبەری بەنزینخانە و کۆڵانەکاندا.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر راگەیەندراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی پابەندنەبوونی بەشێک لە شۆفێران بە بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە (٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦)، بڕیاریانداوە بە قەدەغەکردنی بەجێهێشتنی ئۆتۆمبێل لە شەواندا، بە مەبەستی رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتووچۆ و بێزارکردنی هاووڵاتییان لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای دەرچوونی بڕیارەکە، بەشێک لە شۆفێران پابەندی رێنماییەکان نەبوون و شەوانە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ نۆرەی بەنزین بەجێهێشتووە، بۆیە بە مەبەستی رێکخستنی هاتووچۆ و رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی لە شەقامەکانی دەوروبەری بەنزینخانەکان و بەردەم دووکان و شوێنە گشتییەکان، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی بەکۆمەڵی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە نۆرەی بەنزیندا بە شەو و رۆژێک پێشتر، بەتایبەت کاتێک ئەم ئۆتۆمبێلانە ببنە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ و بێزارکردنی هاووڵاتییان لە ناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا.

لە کۆتاییدا داوای لە سەرجەم شۆفێران کردووە، بە تەواوی پابەندی ئەم رێنماییانەبن و شەوانە ئۆتۆمبێلەکانیان لە شەقام و کۆڵانەکانی دەوروبەری بەنزینخانەکان بەجێنەهێڵن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.













گەلەری