سەردێڕ:

لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ لەدەستدانی بینایی چاوی گەنجەکەی هەولێر پێکهات

PM:05:31:14/09/2026

516 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دا لەسەر کەیسی گەنجێکی دەرمانسازی تەمەن ٢٤ ساڵ لە شاری هەولێر، کە پاش ئەنجامدانی دوو نەشتەرگەری و وەرگرتنی دەرزی لە سەنتەرێکی تایبەت، بیناییی چاوێکی بە تەواوی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر کەیسی ئەو گەنجە تەمەن ٢٤ ساڵ و دەرمانسازەی شاری هەولێر پێکبهێنێت، کە بانگەشەی ئەوە دەکات بەهۆ هەڵەی پزییشکییەوە بینایی چاوی لەدەستداوە و ئێستاش هەردوولایان سکاڵای یاساییان لەسەر یەکتری تۆمارکردووە.

گەنجەکە دەڵێت، کێشەکەی کاتێک دەستی پێکرد کە لە ٢٧ـی حوزەیرانی رابردوودا هەستی بە بوونی هێڵێکی رەش لە چاویدا کردبوو، دوای سەردانیکردنی سەنتەرێکی پزیشکیی تایبەت لە هەولێر، نەشتەرگەریی یەکەمی بۆ ئەنجامدرا، بەڵام تەنیا دوای سێ رۆژ بینایی لەدەستدا.

دەشڵێت، لە هەنگاوی دووەمدا و بەبێ بەکارهێنانی ئازارشکێن، چوار دەرزیی دیکەی لە چاوی دراوە و دواتر بە پاساوی سوودنەبینین لە دەرزییەکان، دوای ١٠ رۆژ لە نەشتەرگەریی یەکەم، نەشتەرگەریی دووەمی بۆ ئەنجامدراوە کە بووەتە هۆی پچڕانی تۆڕی چاوی.

دوای ئەوەی گەنجەکە داواکاریی پزیشکەکەی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی سێیەم رەتکردووەتەوە، رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە، لە وڵاتی ئێرانیش لەلایەن شەش پڕۆفیسۆری شارەزاوە پشتڕاستکراوەتەوە کە هیچ ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی بیناییی چاوی نەماوە.

لە ئێستاشدا، کەیسەکە ئاڵۆزیی یاسایی لێکەوتووەتەوە، بەو هۆیەوە وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر پرسەکە پێکهێناوە.













گەلەری