سەردێڕ:

بەرگری شارستانی بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی پاییز و بەهێزبوونی با هۆشداری دەدات

PM:07:44:29/08/2026

1108 جار خوێندراوەتەوە

بەرگریی شارستانیی هەولێر، بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی پاییز و بەهێزبوونی با، هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان کە بەهۆی زۆریی ڕووبەری پوش و پاوان لەچاو ساڵانی ڕابردوودا، ئەگەری تەشەنەکردنی ئاگر زیاترە، بۆ ئەم مەبەستەش زنجیرەیەک ڕێنمایی و رێکاری پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییانی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ شەممە ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیەنراوێکی هۆشیداریی ئاراستەی هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان کرد، تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەوەرزی داهاتوودا، بەهۆی بەهێزبوونی باو زۆریی ڕووبەری پوش، پاوان و گیا وشکبووەکان بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو، مەترسیی تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگر لەئارادایە.

هاوکات بەرگریی شارستانی داوا دەکات بۆ پاراستنی سەروماڵ و دورکەوتنەوە لەڕووداوی نەخوازراو، رێکاری پێویست لەپڕۆژەکان، بەنزینخانەکان، عەمبارەکانی سوتەمەنی، پاڵاوگەکان، کۆگاکان، کارگەکان و کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بگیرێتەبەر.

ڕێنمایی و ڕێکارە سەرەکەییەکانی بەرگریی شارستانی بۆ ئەم مەبەستە بەم شێوازەی خوارەوە پۆلێن کراون:

یەکەم: ڕێکارەکانی پاراستنی دەوروبەری پڕۆژە و شوێنەکان

دروستکردنی هێڵی بەربەست: پێویستە دەوروبەری کۆگا، کارگە یان کێڵگەکان بە پانی لایەنیکەم (١٠ تا ١٥ مەتر) لە پووش، گیا و پاوان پاک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە پەڕینەوەی ئاگر بۆ ناو پڕۆژەکان بکرێت.

دوورخستنەوەی پاشماوەکان: پێویستە سەرجەم کۆنە کەلوپەل، کارتۆن، تەختە، پاشماوەی رۆن و هەر ماددەیەکی دیکەی زوو گڕگرتوو لە حەوشە، پەنای دیوارەکان و دەوروبەری شوێنەکان دوور بخرێنەوە.

قەدەغەکردنی سوتاندنی ناڕێکخراو: بە هەموو شێوەیەک سوتاندنی پوش و پەڵاشی دەوروبەری پڕۆژەکان بەمەبەستی پاککردنەوە قەدەخەیە، چونکە بەهۆی باوە بەخێرایی کۆنترۆڵ لەدەست دەدرێت و تەشەنە دەکات.

دووەم: سیستەمی پاراستن و ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە

تەنکەر و سۆندەی ئاو: دابینکردنی سۆندەی ئاوی درێژ بە پەستانی بەرز، یان ئامادەکردنی تەنکەری ئاو و ئۆتۆمبێلی تایبەت لە ناو شوێنەکەدا بۆ کاتی فریاگوزاری.

بەتانی و ئامێری ئاگرکوژێنەوەی دەستی: دابینکردنی ئامێری ئاگرکوژێنەوەی گونجاو لەشوێنە هەستیارەکاندا، لەگەڵ دڵنیابونەوە لەبەسەرنەچوونی ماوەی بەکارهێنانیان.

سیستەمی ئاگادارکردنەوە: بەگەڕخستنی سیستەمی هەستیاری ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ و گەرمی لە ناو کۆگا، هۆڵ و کارگەکاندا.

سێیەم: پاراستنی تۆڕەکانی پێداویستی و کارەبا

پشکنینی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە: پێویستە بەردەوام دڵنیایی بدرێت لە کارکردنی سیستەمەکە لە گشت بەشەکاندا و پڕبوونی تانکییەکانی ئاو.

پشکنینی تۆڕی کارەبا: چاککردنەوە و داپۆشینی سەرجەم وایەرە رووتەکان و بەکارنەهێنانی بەستەری ناستاندارد لەکێڵگە، پڕۆژە و کارگەکاندا.

پاککردنەوەی دەوروبەری سەرچاوەکانی کارەبا: پاککردنەوەی بنکە و ژێر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا، محاویلەکان و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی شۆرتی کارەبایان لێدەکرێت.

پاراستنی شوێنی موەلیدەو سوتەمەنی: دانانی تانکییەکانی سووتەمەنی و موەلیدەی کارەبا لە شوێنێکی چۆڵ و دوور لە پۆش و پاوان، بە بێ بوونی هیچ ئاوێتەیەکی زوو گڕگرتوو لە دەوروبەریدا.

چوارەم: رێکارەکانی کاتی فریاگوزاری

- لەکاتی هەستکردن بەهەر دووکەڵ یان ئاگرێک، یەکەم پێویستی و هەنگاو بریتییە لەپەیوەندیکردنی راستەوخۆ بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانی لە ڕێگەی ژمارە ١١٥، پێش ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە بکات.

- ئەنجامدانی راهێنانی بەردەوام بۆ کارمەند و کرێکارانی پڕۆژەکان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە، رێگاکانی دەربازبوون و چۆڵکردنی شوێنەکە لە کاتی باری فریاگوزاریدا.













گەلەری