سەردێڕ:

زەیدی: پاداشتی ئەو کەسانە دەکەین کە زانیاریمان لەسەر گەندەڵی پێدەدەن

PM:02:21:29/08/2026

896 جار خوێندراوەتەوە

لە سەردانێکیدا بۆ بارەگای دەستەی دەستپاکی، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، جەنگی دژ بە گەندەڵی گەورەیە و دەستەکە هێڵی پێشەوەی بەرگرییە لەو جەنگەدا و وتیشی، "ئێمە پێمان وایە دەستەی دەستپاکی بە کار و دەسکەوتەکانی دەپێورێت، نەک بە قەبارەی باڵەخانەکانی".


ئەمڕۆ شەممە ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران سەردانی بارەگای دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کرد و لەگەڵ سەرۆکی دەستەکە و کادرە پێشکەوتووەکانیدا کۆبووەوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری میکانیزمەکانی کارکردن و هەوڵەکانیان بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی بێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەکەی، عەلی زەیدی جەختی کردەوە کە دەستەی دەستپاکی تەلارێکە بە دیوارەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە تەرازووەکەی و بە دوو گفتەکەی کە ئەمانەت و پاراستنی سامانی گشتیین دەپێورێت، ئاماژەی بەوەکرد جەنگی دژ بە گەندەڵی گەورەیە و دەستەکە هێڵی پێشەوەی بەرگرییە لەو جەنگەدا.

جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت ڕۆڵی دەستەکە تەنها لەلایەنی چاودێریدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو لایەنی خۆپارێزیش بگرێتەوە، و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ بنبڕکردنی یەکجارەکی سیستەمی گەندەڵی و بەدواداچوونی پڕۆژەکانی پارێزگاکان هاوشێوەی پڕۆژەی وەزارەتەکان.

زەیدی ڕێنماییدا بە بەدواداچوونی پڕۆژەکان بەپێی سێ ئاست، کە بگونجێت لەگەڵ قەبارەی پڕۆژەکە و تێچووەکەی، کە لە پڕۆژە تێچوو بەرزەکانەوە دەست پێدەکات، پاشان پڕۆژە مامناوەندەکان و دواتر پڕۆژە بچوکەکان، بەجۆرێک کە دەستەبەری ئاڕاستەکردنی هەوڵە چاودێرییەکان بە شێوازێکی کاریگەرتر بکات.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنماییدا بە چالاککردنی یاسای پاداشتکردنی هەواڵدەران لەسەر حاڵەتەکانی گەندەڵی، و بەهێزکردنی بەدواداچوونی دەروازە سنوورییەکان و ئاشکراکردنی گەندەڵکاران، وێڕای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی مانگانە و وەرزی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئاستی دەستکەوتەکان لەم بوارەدا.

لە لایەنی خۆیەوە، سەرۆکی دەستەکە پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جەختی کردەوە لەسەر پێکهێنانی تیمی مەیدانی بۆ وردبینی کردنی گرێبەستەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، کە وردبینییان بۆ گرێبەستی هەشت وەزارەت تەواو کردووە و کارکردنیش بەردەوامە بۆ تەواوکردنی دامەزراوەکانی دیکە، هەروەها ئاماژەی بە تەواوکردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ دەستپاکی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کرد کە تا ساڵی ٢٠٣٠ درێژ دەبێتەوە، و ئامادەیی دەستەکەی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی.













گەلەری