سەردێڕ:

دەست بەسەر تاپۆی ٩٥ خانووی بەرپرسێکدا گیرا و هاوسەرەكەشی دەستگیر کرا

PM:12:35:29/08/2026

1372 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی عێراق، دەستگیرکردنی هاوسەری جێگری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی سەڵاحەدینی ڕاگەیاند، کە پێشتر بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و شاردنەوەی خاوەندارێتیی دەیان موڵک دەستبەسەر کرابوو.


ئەمڕۆ شەممە ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی بەیاننامەیەکی دەستەی دەستپاکی عێراق، تیمێکی لێکۆڵینەوە توانیویانە فەرمانێکی دادوەری دژی هاوسەری ئەو بەرپرسە جێبەجێ بکەن، کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوتەریبدا لەسەر گەندەڵی و دەستکەوتی ناڕەوا جووڵێنراوە، پاش پشکنینی ماڵەکەی لە شاری تکریت، دەست بەسەر بەڵگەنامە و گرێبەستی کڕینی نزیکەی ٩٥ موڵکدا لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، بەغدا و دیالەدا گیرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە بەشێک لەو موڵکانە بە ناوی هاوسەری تۆمەتبارەکە، دایک و باوکی، کەسوکاری و هەندێک لە ڕاییکەرانی مامەڵەکانەوە تۆمار کراون، بە مەبەستی شاردنەوەی خاوەندارێتییە ڕاستەقینەکەیان و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی یاسایی، لە کاتێکدا تۆمەتبارەکە لەو کەسانەیە کە پابەندە بە پێشکەشکردنی کۆدی سامانی داراییەوە.

هەروەها لە پشکنینەکەدا دەست بەسەر ژمارەیەک تاپۆ و تۆماری خانووبەرە، ٣١ بەیاننامەی واژۆکراو بە پەنجەمۆر لەسەر سپی، چوار کۆمپیوتەر کە یەکێکیان کۆمپیوتەری تایبەت بە کردنەوەی «بارکۆد» و هی فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی سەڵاحەدین بووە و لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا دانرابوو لەگەڵ بڕێک پارەی عێراقی و دۆلاری ئەمریکی، سندوقێکی بژێوی پڕ لە زێڕ، گرێبەستی کڕین و مامەڵەی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبیلێکی مۆدێرندا گیراوە.

هاوسەری تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوە نا کە نزیکەی ٢٧ موڵک بە شێوەیەکی ڕووکەشی بە ناوی ئەوەوە تۆمار کراون، هاوکات موڵکەکانی تریش بە ناوی کەسوکاری و ژمارەیەک ڕاییکەری مامەڵەکانەوە کراون و سەرچاوەی دارایی کڕینیان دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی بەرتیل لە هاوڵاتییان و سوودوەرگرتن لە پۆستی فەرمی.

لە کۆتاییدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە و سەرجەم کەرەستە دەستبەسەرداگرتراوەکان ڕادەستی دادوەر کراون، و دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای سەڵاحەدین تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاک، پاش وەرگرتنی وتەکانی، بڕیاری داوە تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ٣٦ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر ژمارە ٣٩ـی ساڵی ٢٠١٥، ڕابگیرێت.













گەلەری