سەردێڕ:

ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕادەگرێت

AM:11:23:29/08/2026

1144 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پلانی هەیە کۆتایی بە پێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان بهێنێت. ئەم بڕیارەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و حکومەتی هەرێم لە ٣٠ـی ئەیلولی ئەمساڵدا، کە هەمان ئەو ڕۆژەیە بڕیارە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەتەواوی لە عێراق بکشێنەوە.


بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی بەریتانی، پێنتاگۆن لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا بە سەرکردەکانی هەرێمی ڕاگەیاندووە کە نیازی نوێکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەیان نییە، بەمەش کۆتایی بەو کەمپینە سەربازییە نێودەوڵەتییە دێت کە پێشمەرگە شانبەشانی هێزەکانی هاوپەیمانان دژی ڕێکخراوی داعش شەڕی تێدا دەکرد. هاوکات بڕیارە مانگی داهاتوو، تاکە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەولێر دابخرێت.
هێزەکانی پێشمەرگە کە ژمارەیان نزیکەی ١٨٠ هەزارە، لە چوارچێوەی بەرنامەی پێنتاگۆن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لە ساڵی دارایی ٢٠٢٦ـدا بڕی ٦١ ملیۆن دۆلاریان بۆ کڕینی چەک، مەشق و ڕاهێنان و مووچە پێدراوە. بەڵام پێنتاگۆن پێشنیاری کردووە لە موازەنەی ساڵی ٢٠٢٧ـدا ئەو هاوکارییانە ببڕدرێن بە بیانووی تێکشکاندنی داعش. 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە جیهاندا بە تێچووی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار لە هەولێر کردەوە.

شارەزایان و دیپلۆماتکارانی پێشووی ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەم هەنگاوە. کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی تایبەت بە پرسی ئەمنی لە عێراق بە بەشداری کۆشکی سپی، وەزارەتی بەرگری و دەرەوە بەڕێوەچوون، کە تێیدا تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا، سەرپەرشتی گفتوگۆکانی کردووە. 
لە لایەکی دیکەوە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە مانگی تەمموزدا لە واشنتۆن چاوی بە ترەمپ و پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری کەوت، پێشوازی لەم کشانەوەیە کردووە و بە سەرەتایەکی نوێی بۆ وڵاتەکەی ناوبردووە.












گەلەری