موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران پەیامێکی نوێی ئاراستەی گەلەکەی کرد و تێیدا داوای کرد ڕێگری لە "هەر ڕەفتار یان لێدوانێک" بکرێت کە زیان بە تەبایی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی وڵاتکەیان بگەیەنێت.
ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران ڕایگەیاند، سوپاسی مەسعود پزیشکیان دەکەم لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان سەرەڕای وشاری دوژمنان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت کێشەکانی ئێران بە کرداریی چارەسەر بکرێن نەوەک لە میدیا زەق بکرێنەوە.
هاوکات خامنەیی داوای لە دەسەڵاتداران کرد خۆیان بەدوور بگرن لە خستنەڕووی هەر لێدوانێکی نائومێدکەر کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ورەی نیشتمانی و گشتی. هەروەها هۆشداری دا لە باسكردنی خاڵە لاوازەکان کە خزمەت بە نەیاران دەکات.
لە لایەنی ئابوورییەوە، خامنەیی سەرنجی خستە سەر پێویستیی چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی پەیوەندییان بە هەڵاوسان، بێکاری، نرخەکان و بازاڕی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانەوە هەیە، لەگەڵ بەهێزکردنی گەشەسەندن و وەبەرهێنان و بەرهەمی ناوخۆیی. هەروەها داوای کرد پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی بکرێتە چەقێکی سەرەکی بۆ سیاسەتە ئابوورییەکان، لەگەڵ سوودوەرگرتن لە هاوردەکردن بە شێوازێکی دروست و ژیرانە لەو کاتانەی کە بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستییەکان ناکات.
سەبارەت بە لایەنی تەکنەلۆژیاش، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و داهێنانەکانی گەنجان کرد و داوای کرد شێوازی کۆن و نەریتی بگۆڕدرێت و سوود لە توانا نوێیەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، کولتوور، پەروەردە، پەیوەندییەکان و کاروباری کۆمەڵایەتیدا وەربگیرێت.