سەردێڕ:

ئەمەریکا ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندەوە

PM:08:01:28/08/2026

1000 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیزای تەیف سامی، وەزیری دارایی پێشووی عێراقی هەڵوەشاندەوە و ناوی خستە ناو لیستی چاودێریی تیرۆرەوە و چوونی بۆ ئەمریکا قەدەغە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی پێشووی ئەمریکاوە خەڵاتی ئازاترین ژنانی جیهانی پێبەخشرابوو.


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە کە واشنتن بە فەرمی ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە.
لەوبارەیەوە دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی بە فۆکس نیوزی راگەیاند، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بە شێوەیەکی شەرمەزارکەر خەڵاتی ئەو بیانییانەی دەکرد کە هەڕەشەن بۆ سەر نەتەوەکەمان، بەڵام وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی ترەمپدا ڤیزاکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە، لەژێر سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەدا، هەرگیز رێگە نادرێت گومانلێکراوانی تیرۆر لە ئەمریکا بمێننەوە یان بێنە ناو خاکەکەمان.

ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی واشنتن لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا و کاتێک تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بوو، ئانتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا لە مەراسیمێکی فەرمیدا خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازایەتیی پێبەخشی و بە ژنی ئاسنینی عێراق ناوی برد بەهۆی ئەوەی کە رووبەڕووی گەندەڵی و بەرتیلوەرگرتن بووەتەوە لە داڕشتنی بودجەی عێراقدا.

بەپێی راپۆرتەکە، چەندین یاسادانەری دیاری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا، لەوانە جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوبی، پێشتر تەیف سامییان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە رێگەی سیستەمی دارایی و بانکیی عێراقەوە بووەتە هۆی ئاسانکاریکردن بۆ پارەدارکردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا، و داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردبوو سزای توندی بەسەردا بسەپێنێت.












گەلەری