PM:02:19:28/08/2026
1084 جار خوێندراوەتەوە
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە رۆژی دووشەممەوە پلەکانی گەرما بە رێژەی تا حەوت پلەی سیلیزی نزم ببنەوە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئاشکرای کرد، بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوایەکی سارد و شێدارەوە، لە دوای نیوەڕۆی شەممەوە ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و ئەگەری بارانبارین و چالاكبوونی با هەیە، کە کاریگەرییەکەی تا ئێوارەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت،
لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ سەر دەریای ناوەڕاست و جوڵەی بارستە هەوایەکی
شێدار لە باکوری دەریای سوورەوە، لە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممەوە ئەگەری دروستبوونی
هەورەبروسکە و بارینی بارانی کەم تا مامناوەند لە ناوچە جیاوازەکاندا هەیە.
ئەو
شارەزایەی کەشناسی روونیشی کردەوە، ئەگەری بارانبارین لە سنووری پارێزگاکانی
سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و سۆران زیاتر دەبێت، هاوکات بای باشور بە
خێرایی ١٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت، وتیشی، لە رۆژی دووشەممەوە
بارستە هەوا ساردەکە بە تەواوی دەگاتە ناوچەکە و پلەکانی گەرما بە رێژەی پێنج تا
حەوت پلە دادەبەزن و کەشوهەوایەکی فێنک ناوچەکە دەگرێتەوە.