PM:01:39:28/08/2026
1008 جار خوێندراوەتەوە
دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لە لیستی شەهیدان و بریندارانی تیرۆردا ئاشکراکرد، وە موچەی نایاسایی زیاتر لە ٣٤ هەزار و ٥٠٠ کەسیشی بڕی، بەمەش بڕی زیاتر لە یەک تریلیۆن و ٣٧ ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندەوە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لە لیستی شەهیدان و بریندارانی تیرۆردا ئاشکراکردووە، پرۆسەکەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای شەهیدان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدراوە، وتیشی، وردبینییەکانیان دەریانخستووە، مامەڵەی ئەو کەسانە ساختەکاریی تێدا کراوە، رێژەی پەککەوتەییان بە نایاسایی بەرزکراوەتەوە، یان بەهۆی تێوەگلان لە کارە تیرۆریستییەکانەوە رێگریی ئەمنییان لەسەر بووە.
ماهیر
حسێن رەشید سەرۆکی
دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم مووچانەی بڕدراون، بە
نایاسایی و لەسەر حیسابی شایستەی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی راستەقینەی تیرۆر
وەرگیرابوون، تەنیا لە رێگەی بڕینی ئەم موچە نایاساییانەوە توانراوە یەک تریلیۆن و
٣٧ ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت بگەڕێندرێتەوە.
لە
ماوەی رابردوودا گومان و دەنگۆیەکی زۆر لەسەر هەبوونی ناوی خەیاڵی و مامەڵەی ساختە
لە لیستی خانەنشینیی قوربانیانی تیرۆردا هەبوو، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش جەخت
لەوە دەکەنەوە، پرۆسەی وردبینیی بەردەوام دەبێت، تا دڵنیایی تەواو بدرێت کە تەنیا
شایستە راستەقینەکان لە هاوکاری و موچەکانی دەوڵەت سوودمەند دەبن.