PM:07:55:26/08/2026
1024 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێم ڕایگەیاند، بە هاوکاری زانکۆی سەڵاحەدین - هەولێر بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی دیراساتى بیانى پەکین لە وڵاتی چین کرایەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەم بەشی کوردی لە تەواوی وڵاتی چین.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی ئابی ٢٠٢٦،وەزارەتى خوێندنى باڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی دیراساتى بیانى پەکین لە وڵاتی چین کرایەوە ئەم هەنگاوە پردێکی ئەکادیمی و کلتوری گرنگ دەبێت بۆ بەستنەوەی هەرێم و کۆماری میللى چین، بەپێی پلانی ئەکادیمی بۆ ئەمساڵى خوێندنى٢٠٢٦ بۆ ٢٠٢٧ لە بەشەکەدا ١٢ خوێندکار ناویان تۆمارکراوەو ساڵانە لەنێوان ١٠ تا ٢٠ خوێندکار و قوتابى چینی لەم بەشە وەردەگیرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، خوێندکاران سێ ساڵی یەکەم
زاراوەی سۆرانی دەخوێنن، لە ساڵی چوارەمیشدا زاراوەی کرمانجی دەخوێنن، بۆ ئەوەی دەرچوان
لە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی زانیارییەکی تەواویان هەبێت.
هاوکات، ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژانە دروستکردنی پەیوەندییەکی
دولایەنەیە، واتە هەروەک قوتابیانى کورد بۆ چین دەچن، پلانێکیش هەیە بۆ هێنانی ئەو
خوێندکارە چینییانەی لە پەکین زمانی کوردی دەخوێنن بۆ هەرێم، بۆ ئەوەی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی
و ئەکادیمی کوردیدا بەشداری بکەن و تواناکانی زمانی خۆیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەرە
پێبدەن.