سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، حكومەت هەوڵدەدات بوونی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان لە عێراق بەهێزتر بکات و دەشڵێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی نێوان عێراق و توركیا، ٢٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ـی ئابی ٢٠٢٥، بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی كرد لە کۆمەڵێک خاوەنكار و سەرۆک و نوێنەرانی ١٧ کۆمپانیای تورکی، کە لە بوار و کەرتە جیاوازەکاندا کاردەکەن، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان و ژمارەیەک راوێژکار و باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە عێراق.
لە میانی
دیدارەکەدا باس لە رێگاکانی پەرەپێدانی لێکتێگەیشتن و هاوکاری لە کەرتی ئاودا کرا،
لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوکاری لەسەر دۆسیەی ئاو، کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤ کەوتە
بواری جێبەجێکردنەوە، دوای واژۆکردنی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک
کۆماری تورکیا.
سودانی جەختی
لە پەرۆشی حکومەت كردەوە بۆ پاراستنی پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیا
تورکییەکان، لەژێر رۆشنایی پەیوەندی پتەوی نێوان هەردوو وڵات، کە لە ماوەی دوو
ساڵی رابردوودا گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە، لەسەر بنەمای دیدگا و ئیرادەی
سەرکردایەتی هەردوو وڵات سەبارەت بە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوبەشییە دووقۆڵییەكان،
جەختی لەوە کردەوە کە دەروازەی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی یەکێکە لە پایە
گرنگەکانی هاوبەشی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و
ئابوورییەکان.
وتیشی، حکومەت
سورە لەسەر پشتیوانیكردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە باشترین ژینگە بۆ وەبەرهێنان
دابین دەکەن و هەوڵدەدات بوونی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان
بەهێزتر بکات، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی بەرچاویان لە عێراق لەگەڵ تێپەڕاندنی ٢٠
ملیار دۆلار لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها ئاماژەی بە
سوربوونی عێراق کرد لەسەر پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان و ئەو دەرفەتانەی کە بۆ
بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەیڕەخسێنێت.
لە لای خۆیەوە
باڵیۆزی تورکیا پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپێناو پتەوکردن
و پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە
پەیوەندییەکان تەنیا لە لایەنی سیاسیدا سنووردار نین، بەڵکو هاوکاریی ئابووری و
وەبەرهێنانیش لەخۆدەگرن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان لە عێراق.