PM:08:18:30/08/2025
1128 جار خوێندراوەتەوە
دوای نزیکەی چوار رۆژ، ئاگرەکەی سنووری پێنجوێن کۆنتڕۆڵ کرا کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و ٩٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و دارستان سووتاوە.
ئەمڕۆ شەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٥، هێمن ئیبراهیم، قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە ئێن ئاڕ تی وت، "دوای کاتژمێر ٦:٤٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە کە ئاگرەکە لە دیوی گوندی نزارە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام تیمەکان هەر لەوێ ماون و چاودێری پاشماوەی ئاگرەکە دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرهەڵنەداتەوە".
هاوکات قائیمقامی
پێنجوێن سوپاسی سەرجەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، پۆلیس، رێکخراوەکانی ژینگەپارێز،
خەڵکی ناوچەکە و هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە بەشداربوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
نزیکەی چوار رۆژ لەمەوبەر لە گوندی هەڵاڵاوای پێنجوێن ئاگرێکی گەورە سەریهەڵدا و هەرچەندە چەند
جارێک کۆنتڕۆڵکرا بەڵام سەریهەڵدایەوە کە بەپێی راگەیەنراوێکی رێکخراوی ملەکەوە لە
ئاگرەکەدا هەزار و ٩٣٠ دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتاوە، جگە لەوەش دوو
ژینگەپارێزی خۆبەخش برینداربوون و لەئێستادا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری
پزیشکیدان، ئەمڕۆش پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، کەسێک بەتۆمەتی
نانەوەی ئاگرەکە دەستگیر کراوە.
سیروان رەفیق - پێنجوێن