سەردێڕ:

حوسییەکان کوژرانی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك وەزیری حكومەتەکەیان راگەیاند

PM:06:46:30/08/2025

2536 جار خوێندراوەتەوە

حوسییەكانی یەمەن كوژرانی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك وەزیری حكومەتی وڵاتەكەیان لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر شاری سەنعای پایتەحت، راگەیاند.


ئەمڕۆ شەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٥، سەرۆكایەتی كۆماری یەمەن كە سەر بە گروپی حوسییەكانە، لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی كە رۆژی پێنجشەممی رابردوو لەلایەن هێزەكانی ئیسرایلەوە كرایە سەر شاری سەنعای پایتەخت، چەندین كەس كوژران، لەوانەش ئەحمەد غالب ئەلرەوهوی، سەرۆك وەزیرانی یەمەن.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، جگە لە كوژرانی سەرۆك وەزیران، ژمارەیەك وەزیری حكومەتی یەمەن لە هێرشە ئاسمانییەكەی سوپای ئیسرائیلدا كوژراون، هاوكات چەندین كەسی دیكەش بریندار بوون.
ئەوەش دوای ئەوەی لە رۆژی پێنجشەممە ٢٨ـی ئاب سوپای ئیسرائیل هێرشێكی گەورەی ئاسمانی كردە سەر سەنعای پایتەختی یەمەن و چەندین پێگەی گرنگ و هەستیاری بۆردومانكرد، یەكێك لەو شوێنانەی بەر بۆردومانەكە كەوتن، باڵەخانەیەك بوو كە سەرۆك وەزیرانی یەمەن و ژمارەیەك وەزیری حكومەتەكەی تێدابوو، لەئەنجامدا سەرجەمیان كوژران.













گەلەری