سەردێڕ:

سودانی تیمێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی دارایی و ئابووری عێراق پێکدەهێنێت

PM:10:48:20/08/2025

1140 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی بە پێکهێنانی تیمێکی نیشتمانیی هاوبەش کرد بۆ بەرزکردنەوەی پۆلێنی قەرزی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پێگەی دارایی و ئابووریی وڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٥، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تیمەکە بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری بانکی ناوەندییە و نوێنەری وەزارەتەکانی دارایی، نەوت، پلاندانان، دەستەی کاخەزە داراییەکان و کەرتی بانکی لەخۆدەگرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەرکی سەرەکیی تیمەکە داڕشتنی ستراتیژییەتێکی گشتگیرە بە ئامانجی روون و شیاوی پێوانەکردن، هەروەها هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئاژانسە گەورەکانی پۆلێنکردنی قەرزی جیهانی.

باس لەوەشکراوە، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی روانگەی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی متمانەی نێودەوڵەتی بە ئابووریی نیشتمانی و کردنەوەی دەرگای فراوانتر لە بەردەم وەبەرهێنانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بیانی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە پابەندبوونی روونی بە بەرنامەی چاکسازی و پەرۆشیی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری پیشان دەدات، هەروەها ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنانە کە ببێتەهۆی زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.













گەلەری